ئەنقەرە
رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك ئەگەری ئەوەی هەیە كە لە كاتی جێبەجێكردنیدا رووبەڕووی كێشە و پرسی نوێ ببێتەوە. چەند بوارێك هەن كە لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوچەكەدا رەنگە ببنە هۆكاری ئەوەی كە ئێران پەرە بە هاوكاری لەگەڵ رۆژئاوا بدات وەكو شەڕی دژی داعش، بەڵام بۆ ئەوەی كە ئێران لەگەڵ رۆژئاوادا بگاتە رێككەوتنێكی گەورەتر نابێت چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە ئێران بە پەلە دەست بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری گەورە لە سیاسەتی دەرەكی خۆی بكات.
بە گوێرەی ئەمریكا، كارو چالاكییەكانی ئێران بۆ پتاندنی یۆرانیۆم بە گشتی رانەگیراون بەڵام بە شێوەیەكی بەرچاو كەم كراونەتەوە. بەپێی رێككەوتنەكە رێژەی یۆرانیۆمی پتێنراو لە ئێران لە ماوەی 10 ساڵدا نابێت 300 كلیۆ تێپەڕ بكات.
لە بارەی گەمارۆكانی سەر ئێرانیش پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە گەمارۆی بازرگانی چەك لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی پێنج ساڵ و گەمارۆی بەرنامەی مووشەكەكانیش بۆ ماوەی هەشت ساڵی دیكە بەردەوام دەبن. بە گوێرەی بیر كردنەوەی ئەمریكاییەكان لە سایەی ئەو رێوشوێنانەدا لە ماوەی 10 ساڵدا بە لانیكەمەوە ئێران بۆ ماوەی یەك ساڵ لە دروست كردنی چەكی ئەتۆمی دوا دەكەوێت.
ئەگەر بە گوێرەی بیر كردنەوەی ئێرانییەكانیش سەیری ئەو رێككەوتنە بكەین ئەوا دەردەكەوێت كە ئەو رێككەوتنە داواكارییەكانی سەرەكی رژێمی ئێرانی بەجێ گەیاندووە. چونكە بەپێی ئەو رێككەوتنە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مافی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی لەگەڵ پتاندنی یۆرانیۆمدا پەسەند كردووە. ئەوەیش دەبینرێت كە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەكجارەكی یا كەم كردنەوە و سست كردنی گەمارۆكانی سەر ئێران، ئێران سازشی كردووە بە تایبەتی بەشێكی زۆر گەورەی وێستگەكانی ئەتۆمی ئێران پارێزراو دەبن و لە بواری چالاكییەكانی ئەتۆمیی ئێراندا رێگریكردن هەیە بەڵام ئەو رێگریكردنانەیش بە گوێرەی كاتن.
لە لایەكی دیكەوە وەكو ئەوەی ئێران داوای دەكات لە كاتی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەدا بەشێكی یەكجار زۆری گەمارۆكانی سەر ئێران هەڵدەوەشێنرێنەوە و لە بواری مووشەكی ئەتۆمی، پڕچەك بوون و بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا لایەنەكان لەسەر رێگایەكی ناوەند رێككەوتوون. بۆ ئەوەی بگەنە ئەو رێككەوتنەكە لایەنەكان بە شێوەیەكی دوو قووڵی سازشیان لەسەر چەند پرسێك كرد، سەرەتا دەبینرێت كە ئەمریكا لە بارەی راگرتنی یەكجارەكی پتاندنی یۆرانیۆم و داخستنی هەردوو وێستگەی ئەتۆمی ئەراك و فۆردۆ سازشی كردووە و لە بەرامبەریشدا ئێرانیش بە شێوەیەكی كاتی ئەوەی قبووڵ كردووە كە چالاكییەكانی ئەتۆمی رابگرێت.
ئەو رێككەوتنە رێككەوتنێكی ستراتیجی نییە كە بتوانێت بە شێوەیەكی یەكجاری و هەمیشەیی كێشەكانی نێوان ئێران و رۆژئاوا چارەسەر بكات، تایبەتمەندی سەرەكی ئەو رێككەوتنە چارەسەر كردنی كێشەكانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە چونكە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تەنیا یەكێكە لە پرس و كێشەكانی نێوان ئێران و رۆژئاوا.
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئێران هێشتا یەك لەو وڵاتانەیە كە پشتگیری لە تیرۆر دەكات، پرسی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، و پرسەكانی وەكو چەكداركردن و سیاسەتی دەرەكی چەند پرسێكی سەرەكین كە چاوەڕوان دەكرێت بەردەوام بن و هەروەها هۆكارێك بن بۆ بەردەوامبوونی ناكۆكی نێوان ئێران و رۆژئاوا و یەكتر تاوانبار كردن.
ئەگەر بێت و ئەو رێككەوتنە بە شێوەیەكی سەركەوتوانە جێبەجێ بكرێت ئەوا پێگەی سەركۆمار حەسەن روحانی لە سیاسەتی ئێراندا بەهێزتر دەبێت.
كاریگەرییەكانی رێككەوتنەكە لە ئێران، كاریگەرییەكانی جێبەجێكردن و تێكۆشان و كێبڕكێ نێوان پارتەكانی ئێران لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە كاریگەرییان دەبێت، هەڵبژاردنی مانگی ئاداری ساڵی 2016 ئەوە نیشان دەدات كە سیاسەتی ئێران بەرەو چە ئاقارێك دەڕوات.
بەهێزبوونی پێگەی روحانی لە سیاسەتی ئێراندا، ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەكی ئێران بەدوای خۆیدا دەهێنێت و بەوجۆرە روحانی بە هەڵوێستی لیبراڵانەی خۆی كە گرنگی بە دیپلۆماسی دەدات لە سیاسەتی دەرەكی ئێراندا زاڵ دەبێت و شوێنی سیاسەتەكانی ئەمنی دەگرێتەوە و چاوەڕوان دەكرێت كە ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەكی ئێراندا كاریگەری زۆر باشی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و رۆژئاوادا هەبێت. چونكە ئەگەر بێت و روحانی بە گشتی لە سەر سیاسەتی دەرەكی ئێراندا زاڵ ببێت ئەوا ئێران سیاسەتێك لەسەر بنەمای پشتگیری كردنی ئابووری و سوودی دوو قۆڵی و پشتگیری كردن و پێشخستنی دیالۆگ پەیڕەو دەكات.
ئەم گۆڕانكارییە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كە پەیوەندییەكانی بازرگانی وئابووری نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریكا گۆڕ و تینێكیان تێ بكەوێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە بەشێك لە كۆمپانیاكانی رۆژئاوا بۆ سوودمەند بوون لە بازاڕەكانی ئێران بە بێ سەبری لە چاوەڕوانیدان و ئێرانیش گرنگییەكی تایبەت بە سەرمایە و ئەو تەكنۆلۆجیایە دەدات كە لە رۆژئاواوە روو لە ئێران بكات.
هەر چەند دۆستانی ئێران لە ناوچەكەدا خۆشحاڵی خۆیان بەرامبەر ئەو رێككەوتنە دەردەبڕن بەڵام وڵاتانی وەك، ئیسرائیل و سعوودیە لە بەرامبەر ئەو رێككەوتنەدا نیگەرانن، چونكە ئێران كە بە هۆی بەرنامەی ئەتۆمییەوە پەراوێز خرابوو و رووبەڕووی گەمارۆ كرابوویەوە لە ئەگەری رزگاربوونی لەو گوشارانە ئەوا لە ناوچەكەدا بە ئازادانە دەتوانێت هەڵسووكەوت بكات و پشتگیری زیاتر پێشكەشی دوستان و لایەنگرانی خۆی دەكات.
لە لایەكی دیكەوە رژێمی ئەسەد لە سووریا، حزبولًَڵا لە لوبنان و حوسییەكان لە یەمەن هەرچەند وەكو هێزی لایەنگری ئێران نیشان بدرێن ئەوا سیاسەتی ئەو گرووپانە لەو وڵاتانە یا شەڕی ئەو وڵاتانە دەبێتە هاوسەنگێك بۆ سیاسەتی ئێران لە ناوچەكەدا، هەر چەند ئەو شەڕ و ناكۆكییانەیش دینامیك و هێز و تایبەتمەندی خۆیان هەیە بەڵام تاقە بەرپرسیاری بەرامبەریان ئێران نییە، ئێران بۆ ئەوەی هەست بە شكستی سیاسەتی خۆی لە ناوچەكەدا نەكات ئەوا دەتوانێت لە سیاسەتی خۆی بەرامبەر وڵاتانی دیكەی ناوچەكەدا گۆڕانكاری بكات یا نەرمی بنوێنێت و پێویستە ئامادەگی خۆیشی بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی ناوچەكە نیشان بدات.