بهرلین
دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویكیلیكس جولیان ئاسانج رایگەیاند "هەركاتێك لێپرسراوانی ئەڵمانیا داوایان كرد، دەتوانێت ئەو بەڵگە و زانیاریانەیان پێ بدات كە دەری دەخەن دەزگای هەواڵگری ئەمریكا چاودێری پەیوەندییەكانی تەلەفۆنی راویژكاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێركڵی كردووە".
لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری هەفتانەی دێرشبیگڵی ئەڵمانی، ئاسانج لەبارەی چالاكییەكانی چاودێری كردن و گوێ گرتن لە پەیوەندییەكانی تەلەفۆنی لەلایەن دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا (NSA)ەوە گوتی: "دەمەوێت هاوكاری ئەو كۆمسیۆنی لێكۆلینەوەیە بكەم كە پەرلەمانی ئەڵمانیا پێكیهیناوە، ئامادەشم شاهیدی بدەم".
بەهۆی مەترسی گەڕاندنەوەی بۆ ئەمریكا، ئاسانج لە ساڵی 2012ەوە تا ئێستا لە نێو بینای باڵیۆزخانەی ئیكوادۆر لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا پەنادراوە، دەڵێت "ئەگەر پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا پێویستیان بە گەواهیدەرە، با بینە ئێرە و پێم خۆشە پرسیارم ئاراستە بكەن".
ئاسانج، بانگەشەی ئەوە دەكات كە دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا (NSA)، بۆ ماوەی چەندین ساڵ چاودێری پەیوەندییەكانی تەلەفۆنی راوێژكاری ئەڵمانیا و لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتەی كردووە، بەتایبەتیش هەوڵیداوە زانیاری لەبارەی سیاسەتەكانی ئابووری ئەڵمانیا كۆبكاتەوە.
گوتیشی: "بەڵگەمان لەبەردەستدایە كە دەری دەخەن چاودێری پەیوەندییەكانی تەلەفۆنی سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا، راویژكاری ئەو وڵاتە و وەزیری دەرەوەی كراوە. لەنێو ئەوانەشدا ماوەیەك پێش ئیستا لیستیكمان بڵاوكردەوە كە نیشانی دەدات چاودێری پەیوەندی تەلەفۆنی 56 لێپرسراوا باڵای ئەڵمانیا كراوە كە لە میركڵەوە نزیكن. ناتوانین سەرچاوەكانمان ئاشكرا بكەین، بەڵام دەتوانین تییان بگەیەنین كە بەڵگەكان راستن".
ئاسانج ئەوەشی خستە ڕوو كە لەو لیستەی لە ئینتەرنێتدا بڵاویان كردۆتەوە ژمارەكانی تەلەفۆنیان بڵاونەكردۆتەوە، بەڵام دەتوانن لیستە سەرەكیەكە وەك خۆی نیشانی كۆمسیۆنی لێكۆڵینەوەكەی بدەن.
ئاسانج ئاماژەی بەوەش كرد، كە لیستیكیان لەبەردەستدایە دەریدەخات چاودێری پەیوەندی تەلەفۆنی 125 سیاسەتمەدار و لێپرسراوی باڵای ئەڵمانی كراوە، كە ئەوەش لەرووی یاساییەوە گرنگی خۆی هەیە، چونكە داواكاری گشتی فیدراڵی ئەڵمانیا پێشتر لەبارەی ئەو چاودێری كردنەوانەوە لێكۆلینەوەی دەست پێكردووە، بەڵام دواتر لە بەرئەوەی نەیتوانیوە بە یاسایی بیسەلمێنێت كە ئەمانە راستن یان نا لێكۆڵینەوەكەی داخستووە. لە لیستەكەدا لە پاڵ بڵاوكردنەوەی چاودێرییەكانی تەلەفۆنی راپۆرتی هەڵسەنگاندنیشمان بڵاوكردەوە. لەوانەش چاودێری كردنی پەیوەندییەكانی تەلەفۆنی مێركڵ و ئەوانی دیكە، هەروەها زانیاریشمان لەبارەیانەوە ئامادەكراوە.
لیستی چاودێری كردنی پەیوەندییەكانی تەلەفۆنی، سەرەتای مانگی تەمووز لەلایەن ماڵپەڕی ویكیلیكسەوە بڵاوكرایەوە، كە تیایدا لە پاڵ چاودێری كردنی پەیوەندییەكانی تەلەفۆنی مۆبایل و خەتی نۆرمالی راوێژكاری ئەڵمانیا مێركڵ، چاودێری پەیوەندییەكانی تەلەفۆنی هەریەك لە وەزیری بەرپرس لە خزمەتەكانی هەواڵگری پیتەر ئەڵتمایر و رۆناڵد پۆفالا، راوێژكار كلاوس دیتەر فریتش و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی یەكێتی مەسیحی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا ڤۆڵكەر كاودەر كراوە.
دواهەمین بڵاوكراوەی ماڵپەڕی ویكیلیكس لەبارەی چاودێری كردنی پەیوەندییەكانی تەلەفۆنی لیپرسراوانی ئەڵمانیا، كاردانەوەی رای گشتی ئەو وڵاتەی لێكەوتەوە. بەو هۆیەشەوە وەزیری بەرپرس لە خزمەتەكانی هەواڵگری پیتەر ئەڵتمایەر لە دووی تەمووز باڵیۆزی ئەمریكا لە بەرلین جۆن بی ئیمرسنی بانگهێشت كرد و داوای روونكردنەوەی لێكرد.