هاتای
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە هۆڵێکی ئاهەنگ گێڕان بەڕێوە چوو، دوای ژمارەیک کۆبوونەوەی دوور و درێژ هەڵبژاردن بۆ ٣٠ ئەندامی کۆنسەی باڵای سەربازی بەڕێوە چوو.
عەمیدی ژەنەرال عەبدولکەریم ئەلئەحمەد کە رایدەگەیەنێت سەرۆک ئەرکانی سوپای ئازادی سووریایە، بەپەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "ئەرکی کۆنسەی باڵای سەربازیی کە ماوەی ٣ ساڵە کار دەکات تەواو بووە و ئەوان ئەندامانی نوێی کۆنسەکەیان هەڵبژاردووە".
ئەلئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد نوێنەرانی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە و باسی دوایین دۆخی وڵاتەکەیان کردووە، هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەندامانی نوێی کۆنسەی باڵای سەربازی لە ئەرکەکانیاندا خواست.
- هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێرەکانی سووریا: "کۆبوونەوەکە دەستپێشخەرییەکی کەسییە".
سکرتێری ئەو کۆمیتەیەی کە لەلایەن هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێرەکانی سووریاوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە پێکهاتەی کۆنسەیەکەدا بچێتەوە، سەڵاح ئەلهامەوی رایگەیاند رۆژی ١٤ی مانگی رابردوو بەمەبەستی جارێکی دیکە چوونەوە بە پێکهاتەی کۆنسەیەکەدا و گشتگیرترکردنی کۆمیتەیەکیان پێک هێناوە.
ئەلهامەوی رایگەیاند: "ئەو کۆبوونەوەیەی لە هاتای ئەنجام دراوە، دەستپێشخەرییەکی کەسییە، پەیوەندی بە هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێرەکانی سووریاوە نییە". ناوبراو لە درێژەدا گوتیشی: "لە ئێستادا ئەرکی سەرۆکی ئەرکانی سوپا لەلایەن کۆڵۆنێڵ ئەحمەد بەڕییەوە بەڕێوە دەبرێت. ئێمە باوەش بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەمان دەکەیەینەوە کە ئەم کۆبوونەوەیەیان ساز کردووە و بەشدارییان تێدا کردووە، دەمانەوێت ئەوانیش لە پێکهاتە نوێیەکەدا رۆڵیان هەبێت، بۆ ئەوەی کۆنسەی سەربازیی هەموو سووریا بگرێتەوە".
لە روونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێرەکانی سووریاوە بڵاو کراوەتەوە باس لەوە کراوە بەمەبەستی پێکهێنانی فەرماندەیی باڵای سەربازی بۆ گەیشتنی گەلانی سووریا بە ئازادی، هەماهەنگی و راوێژ لەگەڵ هەموو گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا بەردەوامە".
لە رووکردنەوەکەدا هاتووە: "ئەو ئاگادارییە چاپەمەنییەی بڵاو کراوەتەوە سەبارەت بەوەی ئەمڕۆ کۆنسەیەکی نوێی سەربازیی دادەمەزرێت، هیچ پەیوەندییەکی بە هەوڵەکانی هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێرەکانی سووریاوە نییە بۆ هەمان مەبەست. ئەو ئاگادارییەی سەبارەت بە دامەزراندنی ئەو کۆنسە سەربازییە هیچ نییە جگە لە شێواندنی ئیدراکی رای گشتی. هەروەک پێویستە هەموو ئەو کەسانەی بایەخ بە داهاتووی سووریا دەدەن و دەیانەوێت شۆڕش سەربکەوێت، هەست بەو لێپرسراوێتییە بکەن و هاوکاری هەوڵەکانی هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێرەکانی سووریا بکرێت کە لە هەوڵدایە بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ گرووپەکانی دیکەدا".