ئورفا
ھاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) فیگەن یوكسێكداغ سەبارەت بە تەقینەوەكەی دوێنێی شارۆچكەی سروج گوتی: "بە دڵنیایەوە ئەنجامدەران و جێبەجێكەرانی تەقینەوەكەی سروج چەتەكانی داعش و چەتەكانی دیكەی سەر بەو رێكخراوەن".
فیگەن یوكسێكداغ دوای تەقینەوەكە سەردانی سەنتەری كلتووری كرد و دواتر سەبارەت بە تەقینەوەكە بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك گەنج لە شارەكانی توركیا لەو سەنتەرەدا كۆببونەوە بە مەبەستی كۆكردنەوەی كۆمەك و ھاوكاری بۆ كۆبانێ".
یوكسێكداغ ئاماژەی بەوەش دا كە ئەو گەنجانە بۆ ئاشتی و ئازادی كۆببوونەوە.
ھاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان ئاماژەی بە شكستەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە كۆبانێ و گرێ سپی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە لە ماوەی رابردوودا ھێرشی لەو جۆرە لە شاری دیاربەكر و چەند شارێكی دیكەی توركیا ئەنجامدراوە.
فیگەن یوكسێكداغ داوای لە حكوومەت كرد كە رێوشوێنی جدی لە بەرامبەر پرسی داعش بگرێتەبەر و گوتی: "پێویست ناكات بە دوای ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشە بگەڕێین، ئەنجامدەرانی ئەو كۆمەڵكوژییە ئەو كەسانەن كە حكووم لەسەر سیاسەت دەكەن، بە دڵنیایەوە ئەنجامدەران و جێبەجێكەرانی تەقینەوەكەی سروج چەتەكانی داعش و چەتەكانی دیكەی سەر بەو رێكخراوەن، ئەو چەتانە لە خاك و لەو كەشەی كە دەسەڵاتدارانی سیاسی لە توركیا دروستیان كردووە سوودمەند بوون.
ئێمە سێ ساڵ بەرلە ئێستا ئاماژەمان بەو مەترسییە كردبوو بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا تا ساڵێك پێش ئێستاش بە داعشیان نەدەگوت تیرۆریست، ئێمە باش دەزانین كێ بە ھاوبەشی لەگەڵ داعشی تیرۆریست بە یەكەوە مامەڵە دەكەن. ئەو لایەنەی كە پێویستە ھەڵوێست وەربگرێت و روونكردنەوە بدات ئەو قسانەی كە كردوویەتەی بھێنێتە جێ بە دڵنیایەوە دەسەڵاتی سیاسییە و ئەو حكوومەتە كاتییەی ئێستایە".