ئەنقەرە
كۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی نەتەوەیی توركیا بە سەرۆكایەتی سەركۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان حەوت سەعاتی خایاند. سەرۆكوەزیران، وەزیرەكان، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری، سوپاسالار و فەرماندەكانی هێزەكان ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون و لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری ئەوە درا كە درێژە بە شەڕی دژی دەوڵەتی هاوتەریب بدرێت.
دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكە راگەیەنراوێك بڵاو كرایەوە و تێیادا ئاماژە بەوە كراوە كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد كراوە و بڕیار لەسەر ئەوە دراوە كە درێژە بەو تێكۆشانە بدرێت كە بۆ كۆتایی هێنان بە تیرۆر دەستی پێكردووە.
لە بارەی شەڕ و تێكۆشانی دژی دەوڵەتی هاوتەریبیش لە كۆبوونەوەكەدا زانیاری ورد لە بارەی دەوڵەتی هاوتەریب و چالاكییەكانی خراونەتە روو و ئاماژە بەوە كراوە كە دەوڵەتی هاوتەریب هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنی نەتەوەیی بۆیە جەخت لەسەر بەردەوام كردنی شەڕ و تێكۆشانی دژی دەوڵەتی هاوتەریب كراوە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا باسی ئەوە كراوە كە لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی باسی رەوشی عێراق و سووریا و مەترسییەكانی تیرۆر و كاریگەرییەكانی رەوشی ئەو وڵاتانە لەسەر توركیا كراوە.
لە لایەكی دیكەوە لەگەڵ بەردەوام كردنی كۆبوونەوەی لێژنەی ئەمنی نەتەوەیی سەركۆمار لەسەر پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەردا پەیامێكی ئاراستەی دەوڵەتی هاوتەریب كردووە و نووسیویەتی" مرۆڤی بێ وڵات مرۆڤی بێ رەگ و ریشەیە و مرۆڤی بێ رەگ و ریشەیش وەكو گەڵای بەر بایە. بۆیە ئێمە خاوەنداریەتی لە وڵاتی خۆمان دەكەین و رێگە نادەین كە هیچ رێكخراوێك یا هیچ خائینێك ئەم خاكە پیس بكات".