ئەنقەرە
سەركۆماری عێراق فوئاد مەعسوم لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ توركیا لە هۆتێل شیراتۆنی ئەنقەرە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا كۆ بووەوە و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
مەعسوم لە بارەی ئازاد كردنی مووسڵەوە گوتی: "بە هۆی زۆری ژمارەی دانیشتوانی مووسڵ پێویستە بۆ ئازاد كردنی ئەو شارە لە دەستی داعش ئۆپەراسیۆنێكی جدی ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش پێویستە هەر جۆرە ئامادەكارییەك بكرێت. سوپای نوێی عێراق بەبێ جیاوازی لە نێوان شیعە و سوننە و بە لەباوەش گرتنی هەموو پێكهاتەكان دەتوانێت شەڕی دژی تیرۆر بكات و لەو چوارچێوەیەیشدا بگاتە ئاستێكی باشتر".
مەعسوم لە بارەی سەردانەكەی بۆ توركیا زانیاری پێشكەشی رۆژنامەنووسان كرد و گوتی: "لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا لەگەڵ سەركۆمار، سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمان كۆ بوومەتەوە و ئەو كۆبوونەوانەیش زۆر گرنگ و ئیجابی بوون".
مەعسوم گوتی: "لەسەر راهێنان كردن بە هێزەكانی سوپای عێراق لەگەڵ توركیا رێككەوتوونە و لە بواری تەكنیكیشدا وەزیرانی بەرگری هەردوو وڵات كاری پێویست ئەنجام دەدەن و لە چوارچێوەی پەیداویستییەكاندا هەنگاوی پێویست دەنرێت".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێكدا مەعسوم گوتی: "لە دیدارەكاندا باسی پرسی ئاویشمان كرد و توركیا جەختی لەوە كردووەتەوە كە بە هیچ شێوەیەك خەڵكی عێراق بێ ئاو ناهێلێت".
مەعسوم لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "شەڕی دژی داعش وا ئاسان نییە بۆیە بۆ ئەو مەبەستە هێزی نوێی سەربازیمان ئامادە كردووە و دوای كۆتایی هاتن بە راهێنانیان ئەوانیش بەشداری لە شەڕ دەكەن. بۆ رزگار كردنی مووسڵ كە ژمارەی دانیشتوانی زۆرە، لە دەستی داعش پێویستیمان بە ئۆپەراسیۆنێكی جدی و ئامادەكاری پێویست هەیە".
لە وەڵامی پرسیارێك لە بارەی رۆلی چەكدارانی شیعە لە شەڕی دژی داعش و ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵدا مەعسوم گوتی: "سەرقاڵی سەر لە نوێی دامەزراندنەوەی سوپاین بەبێ جیاوازی كردن لە نێوان شیعە و سوننە و هەروەها سوپای نوێ هەموو پێكهاتەكان لە خۆی دەگرێت و كە پڕۆسەی سەر لە نوێی دامەزراندنەوە كۆتایی پێهات ئەوا سوپا زۆر بە باشی دەتوانێت شەڕی تیرۆر بكات و لەو چوارچێوەیەیشدا دەگاتە ئاستێكی باش".