نەینەوا
بەرپرسی پەیوەندییەكانی هوتێلی نەینەوا ئۆپڕۆی سەعد ئەحمەد ئاشكرای كرد، رێكخراوی داعش هوتیڵی نەینەوا ئۆپڕۆی كردەوە كە هوتێلێكی پێنج ئەستێرە و گەورەترین هوتێلی شاری مووسڵە و یەكێكە لە هوتێلە بەناوبانگ و گەورەكانی عێراق.
ئەحمەد لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونیكردەوە، رێكخراوی داعش لەگەڵ كردنەوەی هوتێلەكە، ناوەكەی لە ئۆپڕۆی بۆ "هوتێلی میراتگران" گۆڕیوە و بە دانیشتووانی مووسڵی راگەیاندووە، دەرگای هوتێلەكە بەروویان كراوەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، هەر لەگەڵ راگەیاندنی كردنەوەی هوتێلەكە، بەدەیان كەس لە دانیشتوانی مووسڵ لەگەڵ خێزانەكانیان بە جل و بەرگی ئیسلامی كە چەكدارانی داعش بۆیانی دیاریكردوون سەردانی هوتێلەكەیان كرد و بەدەیان چەكدارانی داعش پاسەوانی هوتێلەكە دەكەن.
هوتێلی نەینەوا ئوپڕوی لە ساڵی 1986 لە مووسڵ كراوەتەوە و لە 11 نهۆم پێكهاتووە و گەورەترین هوتێلی شاری مووسڵە و لە ساڵی 2003یش ئەو هوتێلە، ببووە بارەگای گشتی هێزەكانی ئەمریكا و دوای کشانەوەی سوپای ئەمریكا، وەزارەتی گەشتوگوزاری عێراق بە گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای سۆمەر بۆ وەبەرهێنان دووبارە هوتێلەكەی نۆژەنكردەوە و كرا بە هوتێلێكی پێنج ئەستێرە.