هەولێر
مەریوان نەقشبەندی دەڵێت قوتابخانە و پەیمانگە ئیسلامییەكانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف دەخرێنە سەر وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و چەند بابەتێكی دیكەی وەكو مافی مرۆڤیش بۆ پڕۆگرامەكانیان زیاد دەكرێت.
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەریوان نەقشبەندی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نەخشەی دابەشبوونی ئەو كوردانەی لە هەرێمەوە چوونەتە نێو داعش ئاشكرا دەكات، لەوبارەیەوە گوتی "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە رێگەی دەزگا ئەمنییەكان و سەرچاوە تایبەتەكانمانەوە بەدواداچوونمان بۆ كردووە و دەستمان كەوتوون لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نزیكەی 500 گەنج لە هەرێمی كوردستانەوە چوونەتە نێو ریزەكانی داعش، لەو ژمارەیە 250 كەسیان لە شەڕ و بۆردومانەكاندا کوژراون".
نەقشبەندی ئاماری ئەو كوردانەشی خستەڕوو كە زیندوون و گوتی "نزیكەی 100 چەكداری كوردی ریزەكانی داعش لە سووریا و شوێنەكانی دیكە خۆیان حەشارداوە و دەیانەوێ بچنە دەرەوە، ئەگەر چی ئەوان ناتوانن بڕیارەكەیان ئاشكرا بكەن لە ترسی كوشتنییان لەلایەن داعشەوە، ناشتوانن بێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە نیازییان هەیە بەرەو ئەورووپا و وڵاتانی مەغریبی عەرەبی رابكەن".
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو چارەنووسی ئەو كوردانەی دیكەشی دەرخست كە پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە و ژمارەی ئەو كوردانەشی كە ئێستا لە ریزەكانی داعشدا ماون ئاشكرا كرد، لەو رووەوە گوتی "بەپێی نوێترین زانیاریی بەردەستمان لەو چەكدارە كوردانەی كە پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە تەنها 100 كەسیان ماون، پێش دەستپێكردنی شەڕی راستەوخۆی هەرێمی كوردستان و داعشیش نزیكەی 50 گەنج لە نێو داعشەوە گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان".
مەریوان نەقشبەندی باسی لەوەشكرد كە هێشتا بەشێك لەوانەی كە لە نێو داعش بوون و هاتوونەتەوە دەستبەسەرن، لەو بارەیەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی "پێش دەستپێكردنی شەڕی راستەوخۆی نێوان داعش و هەرێمی كوردستان لە دوای كۆنتڕۆڵ كردنی مووسڵ لە حوزەیرانی ساڵی 2014 نزیكەی 50 گەنج كە پێشتر چووبوونە نێو داعشەوە گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، 20 لەوانە هیچ گرفتێكیان نەماوە پاش ئازادكردنییان تێكەڵ بە كۆمەڵگە بوونەتەوە، 30 كەسیشیان بۆ دڵنیایی زیاتر هێشتا دەستبەسەرن تا ئەو كاتەی دەزانرێت هاتنەوەیان جێی مەترسی نییە".
نەقشبەندی باسی لەوەشكرد كە تا ئێستا داعش بۆ خۆشی چەندین كوردی رێزەكانی خۆی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان تۆمەتباركردووە و دواتر گوللەبارانی كردوون.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف لەو لێدوانەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەشی ئاشكراكرد كە لە رێگەی ئەوەوە پێش دەستپێكردنی شەڕی هەرێمی كوردستان و داعش چەند گەنجێك لە سووریاوە كە چوونەتە نێو ریزەكانی داعش هێنراونەتەوە بۆ هەرێم یان رێگری لە چوونییان كراوە، بەڵام پاش دەستپێكردنی شەڕ هیچ كەسێك پەیوەندیی نەكردووە.
گوتیشی ژمارەیەك لە كوردانی رۆژهەڵات و باكووریش چوونەتە نێو ریزەكانی داعش و بەشێكشیان كوژراون، بەڵام ژمارەی وردی لەبارەیانەوە نەدركاند.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی سەر بە میلاكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمن و پەیوەندییان بە رێكخراوی داعشەوە كردووە، مەریوان نەقشبەندی گوتی "تا ئێستا یەك فەرمانبەری ئێمە كە ئەویش مەلا شوانە پەیوەندیی بە داعشەوە كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە سنووری مەخموور و چەند ناوچەیەكی دیكە نزیكەی 30 بۆ 38 فەرمانبەری ئێمە پاش كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكە لەلایەن داعش و دوای كۆنتڕۆڵكردنەوە لەلایەن پێشمەرگەوە چارەنووسیان دیار نییە".
زانیاریی زیاتریشی گوت "بەهۆی نادیاریی چارەنووسی ئەوان كە ئایا چوونەتە نێو داعش یان لە كوێن ناوی ئەو فەرمانبەرانەمان داوەتە ئەنجووومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوەی بزانین چارەنووسیان چییە".
لە كۆتایی قسەكانیدا بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێم مەریوان نەقشبەندی باسی لەوەكرد كە "پاش ئەوەی قوتابخانە و پەیمانگە ئیسلامییەكان دەخرێنەوە سەر وەزارەتی پەروەردە كە هەفتەی رابردوو بڕیاری حكوومەتی پێ دەرچوو، پڕۆگرامی دیكەیان بۆ زیاد دەكرێت وەكو مافی مرۆڤ و بابەتە زانستییەكانی دیكە".