Hawkar Yaseen
28 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
کۆنسولخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی پەلامارەکەی چەکدارانی داعش دەکات کە شەوی رابردوو لە ناحیەی کوڵەجۆ کردییانە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و پێنجی دیکەش برینداربوون.
کۆنسولخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاندووە "بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە دەکەین کە دوێنێ لەلایەن تیرۆرستانی داعش لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناحیەی کوڵەجۆ لە ناوچەی گەرمیان ئەنجامدرا".
راشیانگەیاندووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێداگیرە لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پشتیوانی لە هەوڵەکانیان دەکات بۆ دڵنیاییدان لە بەردەوامی لە شکستپێهنانی داعش".
کۆنسولخانەی ئەمریکا لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، پەیامێکی ئاراستەی خانەوادەی پێشمەرگە شەهید و بریندارەکان کردووە و رایگەیاندووە "سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی ئەو پێشمەرگە ئازایانە دەکەین کە گیانیان سپارد و برینداربوون لەو پەلامارەدا".