واشنتۆن
لە نێو پڕۆژە یاسای بەرگری نیشتمانی بۆ ساڵی 2016 كە لە لایەن كۆمیتەی هێزەكانی سەربازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكادا گفتوگۆی لەسەر كراوە داوای ئەوە دەكرێت كە سەدا 25ی ئەو 715 ملیۆن دۆلارەی بۆ شەڕی دژی داعش لە عێراق ترخان كراوە راستەوخۆ بۆ هێزی پێشمەرگە و چەكدارانی سوننە بێت.
كۆمیتەی هێزەكانی سەربازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا گفتوگۆی لەسەر پڕۆژە یاسای دەسەڵاتی بەرگری نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2016 كرد. لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە یاسایەدا لە بەشی ئەو هاوكارییانەی كە بۆ شەڕی دژی داعش دابین كراون داوا كراوە كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەو بڕە هاوكارییە داراییە كە كۆی گشتی 715 ملیۆن راستەوخۆ بۆ هێزی پێشمەرگە و ئەو هێزە سوننیەی كە لە پاڵ حكوومەتی عێراقدا شەڕی دژی داعش دەكەن تەرخان بكات.
بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە پێویستە بڕێك كە كەمتر نەبێت لە سەدا 25ی ئەو بڕە دابین كراوە راستەوخۆ بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێت و چەكدارانی سوننە و هێزی بەرگری نیشتمانی سوننە بێت و ئەگەر بێت حكوومەتی عێراق ئەو مەرجانە جێبەجێ نەكات ئەوا وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هاوكارییە داراییەكانی خۆی لە ساڵی 2016 بۆ حكوومەتی عێراق رادەگرێت و لە حاڵەتێكی بەو جۆرەدا پێویستە بڕێك كە لەسەدا 60ی كۆی گشتی هاوكارییەكان نەبێت بدرێتە پێشمەرگە و ئەوەی دیكەش بدرێتە هێزەكانی سوننە.
هەروەها لەو پڕۆژە یاسایەدا ئەگەر وەزارەتی بەرگری ئەمریكا یا وەزارەتی دەرەوە هەڵوێستی خوازراو نیشان نەدەن و یا حكوومەتی عێراق مەرجە داواكراوەكان جێبەجێ نەكات ئەوا پێویستە ئەمریكا بۆ ئەوەی راستەوخۆ هاوكارییەكان بنێرێت دەبێت ناوی ئەو پێكهاتانە وەكو وڵات بهێنێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ماریا هارف لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی رۆژانەدا لە بارەی ئەم پڕۆژە یاسایەوە گوتی: "عێراقێكی یەكگرتوو بەهێزترە. لە بواری هاوكاری سەربازیشدا سیاسەتی ئەمریكا هەر وەكو خۆی دەمێنێتەوە".
هارف گوتی: "پێویستە دابەشكردنی چەك و هاوكاری سەربازی لە ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی بەغدا بێت و ئەم سیاسەتە باشترین پشتگیر و هاوكاری هەوڵدانەكانی هاوپەیمانانە بۆیە لەسەر زمانی ئەو پڕۆژە یاسایە ئێمە ئۆمیدی ئەوە دەكەن كە لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەراندا كار بكەین. بەڵام پێویستە بزانین كە ئەو پڕۆژە یاسایە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەكاندایە و بەو جۆرەی كە ئێستا ئامادە كراوە نیشانەی سیاسەتی حكوومەتی ئەمریكا نییە.
هارف لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا گوتی: "دەسەڵاتی ئەوەی كە ئەو پێكهاتانە وەكو دەوڵەت بناسرێن لە دەستی حكوومەت دایە".
لە لایەكی دیكەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەوان لە دژی ئیفادەكانی نێو ئەو پڕۆژە یاسایەن.
عەبادی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە زۆر سوپاسی ئەو وڵات و لایەنانە دەكەین كە لە شەڕی دژی داعشدا هاوكاری عێراق و سوپای عێراقیان كردووە و ئەو وڵات و لایەنانە لە كاتی هاوكاری كردندا رێزیان لە سەروەری خاكی عێراق گرتووە.
عەبادی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەگەر هاوكاری سەربازی روانەی لایەنێك بكرێت یا چەك و تەقەمەنی بە لایەنێك بدرێت دەبێت ئەمە لە ژێر چاودێری بەغدا و لە رێگای بەغدایەوە بێت و ئێمە ئەو پڕۆژە یاسایە كە لە لایەن كۆمیتەی هێزەكانی چەكداری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكایەوە ئامادە كراوە قبووڵ ناكەین چونكە دەبێتە هۆكاری زیاتر پارچە كردنی ناوچەكە.