واشنتۆن
دوای ئەوەی لە شاری بالتیمۆری ئەمریكا گەنجێكی رەش پێست بە ناوی فرێدی گرای لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر كرا و لە كاتی دەستگیركردنیدا گیانی لەدەستدا، بە هەزاران كەس لە شارەكە بۆ ئیدانە كردنی توندوتیژی پۆلیس رژانە سەر شەقامەكان و هاوكات لە هەردوو شاری نیویۆرك و واشنتۆن خۆپیشاندان بۆ ئیدانە كردنی توندوتیژی پۆلیس ئەنجام درا.
لە شاری بالیتمۆر هەزاران كەس لە وێستگەی شەمەندەفەرە كۆبوونەوە و بەرەو تەلاری شارەداری شارەكە دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و زۆربەی هەرە زۆری خۆپیشاندەران خوێندكاری زانكۆ بوون، خۆپیشاندەرەكان تی شرتێكیان لەبەر كردبوو كە لەسەری نووسرابوو " ژیانی رەش پێستەكانیش گرنگە" و داوای دادوەری و بە جێگەیاندنی عەدالەتیان بۆ گرای كرد. خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەی شارەكە توندوتیژی لێ نەكەوتەوە بەڵام دەگوترێت نزیكەی 16 كەس دەستگیركراون و لە سەعاتی 22یەوە تا سەعات پێنج بە كاتی ئەمریكا قەدەغەكردنی هاتوچۆ راگەیەنراوە و دانیشتوانی شارەكەش رەچاوەی ئەو بڕیارە دەكەن.
لە شاری واشنتۆنیش كوشتنی فرێدی گرای و توندوتیژی پۆلیس ئیدانە كرا و نزیكەی هەزار كەس لە ناوەندی شار كۆبوونەوە و تا بەردەم كۆشكی سپی رێپیوانیان كرد. لەو رێپیوانەدا كە لەلایەن نەتەوەی ئیسلام و فەرگوسۆن و یەكێتی رەش پێستانەوە رێكخرابوو، زۆربەی بەشداربووەكان رەش پێست و گەنجان بوون. خۆپیشاندەران دروشمی وەكو ژیانی رەش پێستەكانیش گرنگە، تا بالتیمۆر و واشنتۆن ئازاد نەبن تێكۆشانمان بەردەوام دەبێت و میدیا لە جیاتی ئەوەی بەدوای مزگەوتە رۆخێنراوەكاندا بگەڕێی بە دوای ئیسقانە شكاوەكاندا بگەڕێ بەرز كردەوە. خۆپیشاندەران بۆ ماوەیەكیش لە بەردەم كۆشكی سپی كۆبوونەوە و دروشمیان گوتەوە بەڵام دواتر بڵاو بوونەوە.
لە شاری نیویۆركیش هەر بەو جۆرە خۆپیشاندانێك ئەنجامدرا و خۆپیشاندەران سەرەڕای ئیدانەی كردنی توندوتیژی پۆلیس و كوشتنی گەنجێكی رەش پێست لەلایەن پۆلیسەوە هاوكات وەكو خۆپیشاندەرەكانی واشنتۆن دروشمیان بەرز كردەوە.