ههولێر - هێمن بابان
گوتەبێژی حەشدی نیشتمانی مەحموود سوورچی دەڵێت ئەگەر چەكیان هەبێت لە چەند رۆژێكدا 25 هەزار كەس بۆ رزگاركردنەوەی مووسڵ ئامادە دەبن. لەبارەی ئامادەكارییەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ لە دەستی داعش لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ناوبراو دەڵێت: "توانای مرۆیی تەواویان لەبەردەستدایە و لە ماوەی چەند رۆژێكدا بەتەواوەتی ئامادەدەبن بۆ ئەو كردەیە، بە مەرجێك چەكی پێویستیان هەبێت. هەنگاوەكانی رۆڵەكانی پارێزگای نەینەوا خێران، رۆژانە سەنتەرەكانی وەرگرتنی خۆبەخشان خەڵك وەردەگرن، ئێستا دوو هەزار و 500 كەس لەو خۆبەخشانە لەلایەن ئەفسەرانی عێراقی و توركییەوە مەشقیان پێكراوە و تەواو ئامادەی شەڕن، فراوانكردنی سەربازگەكەمان لەلایەن توركیاوە هەفتەی داهاتوو هەزار و 200 خۆبەخشی دیكە راهێنانیان پێ دەكرێت".
سەربازگەی حەشدی نیشتمانی دەكەوێتە نزیك گوندی زلیكانی سەر بە قەزای شێخان لە نزیك قەد پاڵەكانی چیای مەقلوب، ئەو سەربازگەیە نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە، لەو سەربازگەیە خۆبەخشی كورد، عەرەب، ئێزدی، مەسیحی، سوننە و سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەی تێدایە.
سوورچی دەشڵێت: "هەتا ئێستا هەشت هەزار كەس ناوی خۆیان بۆ پەیوەندیكردن بە حەشدی نیشتمانییەوە نووسیوە، بەڵام بچووكی سەربازگەكەمان لە ماوەی رابردوو و نەبوونی چەك وای كردووە نەتوانین شتێكی ئەوتۆیان بۆ بكەین، ئەگەر چەك هەبێت لە چەند رۆژێكدا 25 هەزار شەەڕكە بۆ شەڕی مووسڵ ئامادە دەکرێن. فشارێكی زۆرمان لە خەڵكی نەینەواوە لەسەرە بۆ راهێنانیان بەڵام بەداخەوە توانامان كەمە، حكوومەتی ناوەندی بەهیچ شێوەیەك لێمان نایەتە پێشەوە بۆ یارمەتیدانی ئێمە لە رووی سەربازیی و لۆجیستییەوە، تەنانەت لە فراوانكردنی سەربازگەكەشمان یارمەتی نەداوین و هیچ گرنگییەك بە پڕچەككردنمان دەدات، حكوومەتی عێراق بە دووفاقی لەگەڵ ئەو دۆسیەمان مامەڵە دەكات".
مەحموود سوورچی ئەوەشی بۆ ئانادۆڵو ئاشكرا كرد كە جێگری سەركۆماری عێراق ئوسامە نوجێفی بەمنزیكانە سەردانی ژمارەیەك وڵاتانی عەرەبی دەكات كە مەبەستی سەرەكیی سەردانەكەی داواكردنی چەك بۆ رزگاركردنی مووسڵ و بارودۆخی ئاوارەكان و یارمەتیدانیان دەبێت. ناوبراو دەڵێت: "بڕیارمان داوە شاندێكی پارێزگای مووسڵ كە لە حەشدی نیشتمانی و بەرەی توركمانی و ئەندامی پەرلەمان و ئەندامی ئەنجوومەنیشی تێدایە سەردانی توركیا بكەین و بچینە پەرلەمانی ئەو وڵاتە و لەگەڵ بەرپرسانی توركیاش كۆببینەوە، مەبەستی سەردانەكە كە پێدەچێت بەمنزیكانە بێت بۆ داواكردنی چەك دەبێت كە داوا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەكەین رەزامەندبن لەسەر ئەو پرسە، جگە لەوە باسی بارودۆخی موسڵ و دانیشتوانی نەینەوا دەكەین، لەگەڵ ئەوانەشدا قۆناغی پاش كۆنتڕۆڵكردنەوەش باس دەكەین كە دەبێت توركیا لە ئاوەدانكردنەوەی نەینەوا رۆڵی هەبێت".
لەبارەی جۆر و بڕی ئەو چەكانەشی داوای دەكەن مەحموود سوورچی گوتی: "شارەزایان و راوێژكارانی سەربازیی ئێمە لیستێكی تۆكمە و تەواویان ئامادە كردووە لەسەر بڕ و جۆری ئەو چەكانەی كە لە توركیا داوای دەكەین كە بە زۆرینە چەكی سووك و مام ناوەندیین و ئەو پێویستیانەیە كە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ دەمانەوێت".
ئەو بەرپرسە سەربازییەی حەشدی نیشتمانی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە لە دوایین سەردانیدا بۆ توركیا لەگەڵ سەركۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان رێككەوتوون كە توركیا لە رێگەی حكوومەتی ناوەندییەوە پاڵپشتی حەشدی نیشتمانی بكات و ئەوەش ئارامییەكی پێ بەخشین.
مەحموود سوورچی لەبارەی هۆكاری داواكردنی چەك لە توركیا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە رووی دەروونییەوە توركیا نزیكترین وڵاتە لە دانیشتووانی نەینەواوە و ئێستا توركیا لەسەرخەتە، هەرچەندە هەنگاوەكان لەسەر خۆن، توركیا وڵاتێكی نزیكە لە ئێمەوە و لە لایەنی دی بە باشتر دەزانین كە پەنایان بۆ ببەین، توركیا كە چووبێتە هەر وڵاتێكی ئیسلامی یان عەرەبییەوە یارمەتیی داون، بۆیە گەشبینین بەوەی لە پڕچەككردنی حەشدی نیشتمانیشدا بێ خەم نەبێت".
وتەبێژی حەشدی نیشتمانی لە درێژەی قسەكانیدا لەگەڵ ئانادۆڵو ئەوەشی ئاشكراكرد كە بە ناڕاستەوخۆ ئێران پێشنیازی پێدانی چەك و دابینكردنی پێویستیی بۆ كردوون، بەڵام رەتیان كردووەتەوە.
مەحموود سورچی لەو رووەوە گوتی" ئێرانییەكان لە رێگەی بە ناڕاستەوخۆ چەندین پێشنیازییان كردووین بۆ ئەوەی چەكمان بدەنێ و یارمەتی سەربازییمان بدەن، بەڵام لە هەستیاریی بارودۆخەكە كە ئێران هەشت ساڵ لە شەڕێك قورسدا بوو، هەروەها دەستێوەردانی ئێران و رۆڵی خراپی لە عێراق وای كرد ئەو یارمەتییانە رەت بكەینەوە، ئێمە پەنا بۆ ئێران نابەین ئەگەر بە بەردیش شەڕ بكەین".
هەستیاریی ئەو بارودۆخە بە قسەی سوورچی وایكردووە رێگە نەدەن حەشدی شەعبیی شیعەكان بەشداریی شەڕی گرتنەوەی مووسڵ نەكەن، سوورچی دەڵێت: "لە رزگارکردنەوەی مووسڵ دوو فیرقەی سوپای عێراق، پۆلیسی نەینەوا، حەشدی نیشتمانی، هێزی پێشمەرگە بەشدارن و ئەوەش بەپێی رێككەوتنی حكوومەتی ناوەندی و هەرێم كراوە. ئەو سەركەوتنانەی لە تكریت و شوێنەكانی دی بەدەست هاتوون لەلایەن هەندێك لە میلیشیاكانەوە بە خراپ بەكاربهێنرێت و دواتر داعش ئێستا ئەو كارانەی میلیشیاكان لە رێگەی شاشەكانی تیڤییەوە پێشانی خەڵكی مووسڵ دەدات و هۆشداریی دەدات كە ئەگەر مووسڵ رزگار بكرێت ئەوە میلیشیاكان خەڵك بەو دەردانە دەبەن".
ناوبراو لەبارەی پلانی رزگاركردنی مووسڵیشەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "پلانی كۆنتڕۆڵكردنی نەینەوا و مووسڵ ئامادەیە و چاوەڕوانی چەكین. ئەگەر چەك هەبێت كاتژمێری سفر نزیكتردەبێتەوە. چەند چەكمان زووتر پێ بگات ئەوەندە باشە چونكە داعش ئێستا دەستی بە سەربازگیریی كردووە". لەبارەی هێزی داعشیشەوە سوورچی گوتی: "ئەگەر بڵێین داعش زۆر لاوازە گەمژەییە، بۆیە پێویستە ئەوپەڕی ئامادەباشییمان هەبێت، پێویستە هێزی شەڕكەڕی داعش بەكەم نەزانین".
لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەشی گوت كە لە چەند رۆژی رابردوودا نزیكەی 200 پارچە چەك كە زۆرینەی كڵاشینكۆفن لەگەڵ چەند ئار پی جی و بی كەی سییەكیان لە بوودجەی پارێزگای مووسڵ كڕیوە لەگەڵ دابینكردنی 36 ئوتۆمبێل.
مەحموود سوورچی ئەوەشی ئاشكراكرد كە ئوردن ئامادەیی خۆی بۆ مەشقپێكردنی چەند هەزار سەربازێكی حەشدی نیشتمانی داوە، لە درێژەدا دەشڵێت: "جێگری سەركۆماری عێراق پێش چەند رۆژێك سەردانی ئوردنی كرد، بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئامادەییان پێشان داوە هەرجارە و راهێنان بە دوو هەزار سەربازی ئێمە بكەن و چەكیشیان پێ بدەن بەڵام هێشتا هەر بەڵێنە و هیچ هەنگاوێك نەنراوە".
سوورچی گلەیی ئەوەشی كرد كە وڵاتانی عەرەبی هیچ رۆڵێكییان لە دۆسیەی پارێزگاكەیاندا نییە و دەشڵێت ئەوان دەتوانن هاریكارییان بكەن بە چەك كە زۆریان هەیە، لەبارەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و وڵاتانی رۆژئاواشەوە گوتی: "هیچ یارمەتییەكیان نەداوین". گوتیشی: "ئەو وڵاتانەی رۆژئاوا دەنگیان زۆر بەرزكردووەتەوە گوایە یارمەتی پێشمەرگەیان داوە، بەڵام هیچیان یارمەتییەكی ئەوتۆیان نەداوە كە بۆ پێشمەرگە یەكلاییكەرەوە بێت، تەنها شتی بچووك و كەم نەبێت".
لەگەڵ ئەوانەشدا پێی وایە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە بوردومانكردنی ئامانجەكانی داعش سستە و زیاتر دەڵێت: "رۆژانە 10 تا 15 هێرش شتێكی ئەوتۆ ناكات، پێویستە ئەوان هێڵی هاتوچۆی داعش لە نێوان سووریا و عێراق ببڕن، پێش چەند رۆژێك داعش لە نێو مووسڵ نمایشێكی سەربازی كرد، هاوپەیمانانیش ئاگەدار بوون بەڵام هیچیان نەكرد، بەشەو چوون ئوتۆمبێلەكانیان بۆردومان كرد".
لە كۆتایی قسەكانیشدا لەبارەی سەردانەكەی ئەمدواییەی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بۆ واشنتۆن مەحموود سوورچی گوتی: "پێشتر گرێبەستی كۆنی چەك كڕین هەیە، سەردانی عەبادی بۆ پڕچەككردنی سوپای عێراق بووە لەو چەكانە بەتایبەت فڕۆكەی ئێف 16. پێویستە زیاتر باسی چەكی بچووك و مام ناوەند بوایە نەك ئەو چەكانە كە یەكلاكەرەوەی شەڕ نییە، مانەوەی وەزیری بەرگری لە واشنتۆن بەدڵنیاییەوە باسی كردەی پڕچەككردن دەكرێت. ئەمریكا هەنگاوی خاو دەنێت بەپێچەوانەی ئەوەی ئێمە دەمانەوێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

