نەڤشەهیر
وەزیری وزە و دەرامەتەكانی سروشتی توركیا تانەر یڵدز لە میانی بەشداریكردنی لە كردنەوەی ناوەندی هەڵبژاردنی ئاك پارتی لە ناوچەی ئاڤانۆسی سەر بە پارێزگای نەڤشەهیر پەیامێكی ئاراستەی هەدەپە كرد و گوتی: "ئێوە خزمەتی كێ دەكەن؟ كە دەڵێن ئەگەر بەربەستی سەدا 10ی هەڵبژاردن تێنەپەڕێنین دەست بە یاخی بوونی مەدەنی دەكەین؟ ئایا هەڕەشە لە كێ دەكەن؟ ئێمە ئەگەر گوێمان بەو جۆرە هەڕەشانە دابایا ئەوا نەماندەتوانی بێگەینە ئەمڕۆ.
یڵدز لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پێشوازی نەكردنی سەرۆك شارەوانی دیاربەكر گولتەن كشاناك لە سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغانی رەخنە كرد و گوتی: "ئەمە شتێكی راست نییە، باشە بۆ پێشوازیكردن لەسەرۆكوەزیران بە هۆی ناسنامەی سیاسییەوە ناچن، بەڵام كەسێك یا پێكهاتەیەك كە نەچێتە پێشوازی سەركۆمار داخۆ لە قۆناغی چارەسەریدا چەندە سەمیم و نیازپاك بێت، بێگۆمان ئەمانە هەموو نیشانەی ئەوەن كە چەندە سەمیمین".
یڵدز لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە لێدوانەكانی هاوسەرۆكی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش كرد كە ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئەگەر بێت بەربەستی سەدا 10ی هەڵبژاردن تێپەڕ نەكەن دەست بە یاخی بوونی مەدەنی دەكەن و گوتی: "چی دەكەن ئایا لە بەرامبەر دەوڵەت سەرتان بەرز دەكەنەوە، مەبەست و ئامانجتان چییە ئاشكرای بكەن، بە خۆشیرین كردن ناتوانن خەڵكی توركیا هەڵخەڵەتێنن، ئێمە لە قۆناغی چارەسەریدا سەمیمین چونكە دەمانەوێت هیچ دایكێك نەگرێ، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا ئەم وڵاتە زۆری كێشاوە و زیاتر لە 300 ملیار لیرە زەرەری ماڵی هەبووە و بێجگە لە زەرەری ماڵی چەندەها هاووڵاتیش گیانیان لەدەستداوە. بۆیە پێویستە هەر پێكهاتەیەك كە لە نێو ماڵەكاندا هەستی پێ دەكرێت بپارێزین و لەگەڵ قۆناغی چارەسەریدا پێویستە كۆتایی بەو شتانە بهێنرێت بەڵام ئەوانەی كە نەتەنیا بە قسە بەڵكو بە كردەوەیش كشاونەتەوە تووشی زەرەری گەورە دەبن، حكوومەتی ئاك پارتی تا كۆتایی لە گەڵ قۆناغی چارەسەرییە و پشتگیری لێدەكات، بەڵام ئەگەر ئێوە ستوونی كارەبا كە بۆ هاووڵاتی كورد دەڕوات، یا ئەو ئامرازانەی لە بەنداوەكاندا كار دەكەن، یا ئەو دەزگا و ئامرازانەی بۆ دروستكردنی فڕۆكەخانە لە ناوچەكەدا كار دەكەن بتەقێننەوە، ئەوا پێویستە دابنیشین و بیر بكەینەوە كە ئێوە خزمەتی كێ دەكەن؟ ئایا ئێوە هەڕەشە لە كێ دەكەن؟ ئێمە ئەگەر گوێمان بەو جۆرە هەڕەشانە دابایا نەدەگەشتینە ئەمڕۆ.
یڵدز گوتیشی: "ئەو شتانەی لە لایەن پەكەكەوە كراون و ئەو گوتانەی كە بە زمانی فەرمی پەكەكە گوتراون لە بیر ناكەین و وا بزانم بژاردە و هەستیارەیی خەڵكی ئێمەیش لەو چوارچێوەیەدا دەبێت".