Heman Hussein Yaseen
27 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2026
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ھەنگاوەکانی بە ستانداردکردن و بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی ھاتوچۆ، پڕۆسەی نوێی بە دیجیتاڵکردنی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەستپێکرد.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ھێمن میرانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە کە دوای ئەوەی پرۆسەی ئەلیکترۆنیکردنی مۆڵەتی شۆفێریی دەستیپێکردبوو، ئێستا سیستەمی ساڵیانەکردن لە پارێزگای دھۆک خراوەتە کار.
بەگوتەی ھێمن میرانی، بەھۆی قەرەباڵغی و زۆریی ژمارەی مامەڵەکان لە ھەولێر، جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە پێویستی بە ئامادەکاریی زیاتر ھەیە.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناخۆی ھەرێمی کوردستان، ھێمن میرانی گوتیشی: "ئامادەکارییەکانی جێبەجێکردنی سیستەمەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، ھەروەھا ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕین، لە قۆناغی جێبەجێکردندان".
ھێمن میرانی ئاماژەی بەوەشکرد کە، لە پارێزگای ھەولێر پڕۆسەکە تەنیا لە بەشی بارھەڵگر دەستی پێکردووە و ساڵیانەی نوێی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شۆفێریی، بە شێوەی کارتێکی بچووک دەردەچێت و دیزاینەکەی بەگوێرەی ستانداردە جیھانییەکان دانراوە.
بە گوتەی میرانی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پرۆژەکە، کاراکردنی پۆرتاڵێکی دیجیتاڵە و ھاووڵاتییان دەتوانن بەھۆیەوە بەشێک لە مامەڵەکانی پەیوەندیدار بە دەرکردن، تۆمارکردن و گۆڕینی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل، لە ماڵەوە ئەنجام بدەن.
ناوبراو ڕاشیگەیاند کە وەزارەتی ناوخۆ جەخت لە پتەوکردنی پڕۆسەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێلەکان دەکاتەوە، بەتایبەتی بۆ کەمکردنەوە و ڕێگرتن لە ساختەکاریی لە گواستنەوەی خاوەندارێتی.
سەبارەت بە ماوەی یاسایی بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی، ھێمن میرانی ڕوونیکردەوە کە بەگوێرەی ڕێنمایی ساڵی ڕابردوو، ئەو ماوەیە لە ٦٠ ڕۆژەوە بۆ ٩٠ ڕۆژ درێژ کراوەتەوە.
داوایشی لە ھاووڵاتییان کرد کە ھەرکەسێک ئۆتۆمبێلێک لە کەسێکی دیکە دەکڕێت، لە ماوەی ٩٠ ڕۆژی دیاریکراودا خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێلەکە بگوازێتەوە، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کێشەی یاسایی بۆی دروست نەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی دیوان، بۆ گرنگیی ئەم بابەتە، نموونەیەکی تایبەتی ھێنایەوە و گوتی: "پێشتر حاڵەتێک ھەبووە کە ھەزار و ٢٨٠ ئۆتۆمبێل بە ناوی یەک ھاووڵاتی تۆمار کرابوو، بەڵام دوای کۆچی دوایی ئەو کەسە، ٨٠ ئۆتۆمبێل بوونەتە میرات و ئەمەش بووەتە ھۆی دروستبوونی کێشەی میرات بۆ سەدان ئۆتۆمبێل".