Tuğba Altun, Sümeyye Dilara Dinçer, Islam Doğru
27 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2026
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان دوای ٨١مین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک قسەی کرد.
هاکان فیدان لەبارەی ڕاگەیاندراوەکان لەهەمبەر خواستی عێراق بۆ چەککردنی چەکدارەکانی ناوچەی شنگال و هەروەها پلانی کردەیی تورکیا و عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کۆتاییهێنان بە بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، ڕایگەیاند: "سەرکۆمار ئەردۆغان لە ماڵی تورک (لە نیویۆرک) پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی کرد و دیدارێکی باش بووە".
فیدان ڕایگەیاند کە لە دیدارەکەدا بابەتگەلێکی زۆر هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە و یەکێک لەو پرسە گرنگانە، دەستپێکی ڕادەستکردنی چەکی چەکدارانی ناوچەی شنگال بووە بە دەوڵەت.
فیدان گوتی: "زۆر خۆشحاڵین کە ئامانجی سیاسی عێراق چەکدانانی هەموو گرووپە چەکدارەکانە لەو وڵاتە. ئێمە پشتیوانی لەو ڕوانگەیە دەکەین. لە پاڵ ئەوانیشدا، بە تایبەتیش چەکدانانی پەکەکە و گرووپەکانی نزیک لەو لە سەروویانەوە ئەو گرووپانەی کە لە ناوچەی شنگال'ن وەک ئامانجێک دیاری کراون. بە دڵنیاییەوە دەزانن کە بوونی سەربازیی تورکیا لە عێراق بە گشتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بووە و بە تایبەتی بنکەی بەعشیقە کە هەر لەسەرەتاوە لەسەر داوای عێراقییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دامەزرا. هاوکات لەگەڵ نەخشەڕێی عێراق، تورکیاش هەنگاو دەنێت بەرەو کەمکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاو و کۆتاییهێنان بە بوونی خۆی، مەبەستی من بنکەی بەعشیقەیە. سەرکۆمارمان لە دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو خواستە هێنایە بەر باس. پەنا بە خوا دوای ئەوەی کە کۆتایی هێندرا بە بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان لە شنگال، ئێمەش بە دڵنیاییەوە کۆمەڵێک هەنگاو دەنێین".