Rewa Mahmut Hasan
03 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2016
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە هەرچی زووتر لاوازکردنی داعش و لەناوبردنی داهاتی دارایی رێکخراوەکە و رێگریکردن لێی لە پێشڕەوییەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە لیبیا .
سەرەتا لە گوتاری پێشەکیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری رایگەیاند کە جیهان لەچاوەڕوانیدایە تاکو ئاسایشیان بپارێزن و دڵنیایی دایەوە کە داعش لەناو دەبەن هەروەک جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەمڕۆ قسە لەسەر ئەوە بکرێت کە چۆن دەتوانرێت دەستوبرد بکرێت بۆ لەناوبردنی داعش.
کیری راشیگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما هاوهەڵوێستە لەسەر ئەو پرسەو ئاشکراشی کرد کە بە بەشداریی ئەفغانستان، ژمارەی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش گەیشتۆە ٦٦ وڵات.
کیری ئاماژەی بەوەش دا کە هەتا ئێستا ١٠ هەزار هێرشی ئاسمانیان بۆسەر داعش وەک هاوپەیمانان ئەنجام داوە و بەشێکی زۆریان لە بەرپرسانی داعش کوشتووە. هاوکات کیری سوپاسی ئیتاڵیاشی کرد کە پاڵپشتیان بوون لە مەشقی سوپای عێراقدا و گوتی: "رووبەڕووبوونەوەی داعش لە رووی زەمینییەوە تەنیا لە رێی هێزەکانی کورد و عێراقییەکانەوە سەرکەوتن بەدەست دێنێت".
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا کیری ئاماژەی بە مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی داعش دا لە لیبیا و داواشی کرد کە پشتگیرییەکانی هاوپەیمانان بۆ لیبیا زیاد بکرێت.
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا کیری لەبارەی گفتوگۆکانی ئاشتی جنێڤەوە رایگەیاند کە دەبێت پاڵپشتی لە هەوڵی دیپلۆماسی کۆبوونەوەکانی ئاشتی بکەین کە لە جنێڤ بەڕێوە دەچێت.
کیری لە بەشێکی تری گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە لە ماوەیەکی نزیکدا نوێنەری تایبەتی ئۆباما بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش برێت ماکگۆرگ ئەنجامی سەردانەکەی خۆی بۆ کۆبانی دەگەیەنێتە هێزەکانی هاوپەیمانی.