Muhammet Ali Kemal
02 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2016
وەزیری دەرەوەی بریتانیا فلیپ هامۆند رایگەیاند بەپێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات، هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا دەبنە هۆی بەهێزبوونی داعش لەرووی مەیدانییەوە.
هامۆند دوای سەردانکردنی کەمپی زەعتەری لە ئوردن، روونکردنەوەی دایە دەزگاکانی مێدیای وڵاتەکەی.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند: ''رووسەکان دەڵێن کە دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن بەڵام ئەمە تەنها قسەیە. ئەو کێشەیەی لەگەڵ رووسەکاندا هەمانە ئەوەیە کە لەکاتێکدا قسەیان لەگەڵ دەکەین ئەوان بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ پشتیوانیکردن لە ئەسەد''. باسی لەوەشکرد ئەو گەڕانەوەیەی لە کەمپی پەنابەرە سوورییەکانەوە دەستیپێکردبوو بەرەو وڵاتەکەیان، لەدوای دەستوەردانەکانی رووسیاوە لە سووریا، وەستاوە''.
هامۆند گوتی: ''هەرشتێک کە ئەنجامی دەدەین لەلایەن رووسەکانەوە بنکۆڵ دەکرێت، ئەمە بەردەوام سەرچاوەی خەم و ئازارەکانی منە''.
وەزیری دەرەوەی بریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد دەستوەردانی رووسیا لە سووریا هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە پەکخستووە و رایگەیاند: ''رووسەکان دەڵێن کە دەیانەوێت داعش لەناوبەرن بەڵام بۆردومانی داعش ناکەن. بۆردومانی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو دەکەن. کەمتر لەسەدا ٣٠ هێرشەکانی رووسیا لە سووریا داعش دەکاتە ئامانج. دەستوەردانی رووسیا لە سووریا دەبیتە هۆی بەهێزبوونی داعش لەرووی مەیدانییەوە. بەتەواوەتی کارێکی پێچەوانە دەکەن لەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکەن''.
هامۆند باسی لەوەکرد چ وەک وەزیری بەرگری و چ وەک وەزیری دەرەوە چەندین ساڵە لە سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین ورد دەبێتەوە و گوتی: ''ئەوەی کە لە چاودێریکردن و وردبوونەوە لە پوتینەوە فێربووم ئەوەیە: چەند چاودێری دەکەیت، بیکە، ناتوانیت هیچ شتێک ببینیت. تێگەیشتن لێی مەحاڵە. هیچ بۆچوونێکمان نییە سەبارەت بە پلانی کاری کرێملین. نازانین چۆنە. هیچ ئەنجوومەنێک نییە تاوتوێی ئەم بابەتانە بکات. هەموو شتەکان لە مێشکی پوتیندان''.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئێران سیاسەتێکی ئەرێنیتری لە رووسیا پەیڕەو کردووە یان نا سەبارەت بە رووسیا، فلیپ هامۆند گوتی: ''پێم وا نییە لەپرۆسەی ئاشتیدا یەکێکیان زیاتر لەویتریان هاوکاری کردبێت. رووسەکان و ئێرانییەکان هاوکاری چڕ و پڕی رژێمی سووریا دەکەن. ئێرانییەکانیش لەبابەتی پاراستن و هێشتنەوەی رژێمی سووریادا لانیکەم هێندەی رووسیا توندن''.