پاریس
سەرۆکی سووریا بەشار ئەسەد بوونی پەیوەندی لەگەڵ دەزگای ھەواڵگری فەڕەنسا راگەیاند.
لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵ دووی فەڕەنسی بەشار ئەسەد گوتی: "پەیوەندی لە نێوان دەزگای ھەواڵگری سووریا و فەڕەنسا ھەیە".
ئەسەد ھەرچەندە باسی لە جۆر و قۆناغی ئەو پەیوەندیانەی نێوان دەزگای ھەواڵگری وڵاتەکەی و فەڕەنسا نەکرد، بەڵام رایگەیاند کە ئەو پەیوەندییەی ئێستا ھاماھەنگی نێوان دوو وڵاتەکە نییە.
ئەسەد لە دیدارەکە ئاماژەی بە سەردانی ژمارەیەک پەرلەمانتارانی فەڕەنسا لەمانگەکانی رابردوو بۆ سووریا کردو گوتی: "ھەماھەنگی دیبلۆماسی لەگەڵ فەڕەنسا نابێت".
ئەسەد ھەروەھا گوتی: "فەڕەنسا، بەھۆی پاڵپشتی بۆ ھێزی ھاوپەیمانان لەدژی داعش، ھاوکاری تیرۆریستان دەکات".
سەرۆکی سووریا سەبارەت بە کوژرانی کەسانی سڤیل لە وڵاتەکەی ئاماژەی بە کوژرانی زیاتر لە ٢٢٠ ھەزار کەس کرد و گوتی: "تەنیا کار کە دەکەین بۆ پاراستنی گەلی سووریا".
- نکۆڵی لە چەکی کیمیاوی کرد
ئەسەد لە وەڵامی پرسیاری بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی لە بەرەکانی جەنگ لە لایەن سوپای وڵاتەکەیەوە نکۆڵی کرد و گوتی: "چەکی کیمیاوی بەکار نەھاتووە، گازی کلۆرمان بەکار نەھێناوە و پێویستیشمان نییە، دەتوانین بە چەکی کلاسیکی ئامانجی خۆمان بەدەست بێنین".
بەپێی راپۆرتی ساڵی ٢٠١٤ی کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی بێلایەنی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپای ئەسەد گازی کلۆری لەدژی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەکار ھێناوە.