ھەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە کۆمەلێک چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی و پارێزەر گردبوونەوەیەکیان لە شاری ھەولێر ئەنجامدا و داوایان لە حکوومەت و ئەنجوومەنی داوەری دەکرد کە پرسی گواستنەوەی دادوەر ھاوژین لە کفری بۆ ئامێدی لێکولینەوە لێ بکرێتەوە و ناوبرا بگەرێتەوە سەر کاری خۆی.
لەو گردبوونەوەیە دروشمی "ئیتر بەسە داڵدەدان و پاراستنی سەرۆک جاش و ئەنفالچیەکان، چیتر درۆ لەگەڵ دۆسیەی ئەنفال و ھەڵەبجەدا مەکەن" دەگوترانەوە.
ھەروەھا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە کە "ئەوان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ گەیشتن بە سەروەری یاسا، ھەروەھا دەیانگوت کە ساڵی پار لە ئەنجامی ئەو فشارەی لە سەر ئەنجوومەنی دادوەری و دەسەڵاتی جێبەجێکار ھەبووە بڕیار لە سەر بەرێوەچوونی دۆسیەی تۆمەتبارانی ئەنفال و بە دادگا گەیاندنیان دەرکرا، کەچی بەداخەوە لە دادگای کفری بە ھۆکاری دەرکردنی بڕیار بۆ گرتنی ٣ لە موستەشارەکانی تۆمەتبار بە دۆسیەی ئەنفال دادوەرێک وێڕای ھەڕەشە و دەستێوەردانی حیزبی لە کارەکانی لە شوێنی کارەکەی دوور دەخرێتەوە ئەمە ئەگەر لە لایەک دەستێوەردان بێت لە کاری ئەو دادوەرە لە لایەکی دیکە واتای ھەڕشەیە بۆ سەر کۆی سیستمی دادوەری و سەروەری یاسا و رێگەگرتن لە دەست بردن بۆ دۆسیەی تۆمەتبارانی ئەنفال و بێدەنگکردنی دادوەران و رای گشتی."
لە نێو ئامادەبواندا عەلی مەحموود بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "بۆ ئەوەی چیتر دەستێوەردان لە دەسەڵاتی دادوەری و یاسا نەکرێت و سەروەری یاسا بپارێزین پێویستە دەست بەجێ بڕیاری گواستنەوەی دادوەر ھاوژین ھەڵبوەشێتەوە و بگەرێتەوە سەر کار و جێگای خۆی و ھەروەھا ناکرێ کۆنە بەعسیەکان و موستەشەرەکان بکرێن بە وەزیر و ھەزاران دونم زەوی ئەو وڵاتە پێ ببەخشرێن".