Ömer Koparan
09 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2026
ئیدلب - AA
لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی بەھێز لە کۆگایەکی کۆکردنەوەی پاشماوە و تەقەمەنییەکانی جەنگ لە پارێزگای ئیدلبی باکووری ڕۆژئاوای سووریا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە ناوخۆییەکان، تەقینەوەکە بە ھۆکارێکی تا ئێستا نەزاندراو لە کۆگایەک ڕوویداوە کە تەقەمەنی و پاشماوەکانی جەنگی تێدا کۆکرابوونەوە. ئەو کۆگایە کەوتووتە شارۆچکەی سەرمەدا، سەر بە پارێزگای ئیدلب.
دوای ڕوودانی تەقینەوەکەش، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بۆ شوێنی ڕووداوەکە نێردران
لە ڕاگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئیدلب بڵاویکردووەتەوە کە بەپێی زانیارییە بەراییەکان، تەقینەوەکە لە کۆگای چەک و پاشماوەکانی جەنگ ڕوویداوە لە ناوچەی "بورج نەمرە" سەربە شارۆچکەی سەرمەدا لە پارێزگای ئیدلب. لە ئەنجامی ڕووداوەکەش چوار کەس گیانییان لەدەستداوە و ١٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی میدیا و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگری سووریا ڕایگەیاند، تەقینەوەکە لە کۆگایەکی کاتیی لە نزیکی شاری سەرمەدا لە باکووری ئیدلب ڕوویداوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا چەند کارمەندێکی وەزارەتی بەرگرییش برینداربوونە، بەڵام تا ئێستا وردەکاریی زیاتر دەربارەی ژمارە و دۆخی تەندروستی بریندارەکان بڵاونەکراوەتەوە.
ھێشتا ھۆکاری سەرەکیی تەقینەوەکە ڕانەگەیاندراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ڕووداوەکە خەریکی لێکۆڵینەوەن.