سلێمانی
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشیار عەبدوڵا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق باسی لە كێشەكانی هێزەكانی پاسەوانی سنوور لە هەرێمی كوردستان و یاسای نوێی پاسپۆڕت لە عێراق و كردنەوەی مەزی نێودەوڵەتی كێلێ لە قەڵادزێ كرد.
هۆشیار عەبدوڵا كە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقە لەسەرەتادا باسی لە كێشەكانی پاسەوانی سنوور لە هەرێمی كوردستان كردو گوتی: "ئەو هێزانە پێشتر سەردانیان كردوین چوار كێشەی سەرەكییان هەیە، ئەوانیش بەرز نەكردنەوەی پلەكانیان لەگەڵ خەرج نەكردنی دەرماڵەی 500 هەزار دینار بۆیان كە لە عێراقدا تەنها هەرێمی كوردستانی نەگرتووەتەوە، هەروەها پێدانی پارەی دڕاو و وردەو بڕینی 40 هەزار دینار لە مووچەكانیان".
ئەو گوتی: "لەم هەفتەیەدا بۆ بەدواداچوونی ئەو كێشانە سەردانی سەركۆمار و وەزیری ناوخۆ و دارایی عێراقمان كرد و لە كیانەی دیدار و كۆبونەوەكانمان بەشێك لە كێشەی ئەو هێزانە چارەسەر كراوە و لەهەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی تریانداین".
ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراق لەبەشێكی تری كۆنگرەكەیدا باسی لە یاسای نوێی پاسپۆڕت لە عێراق كرد و گوتی: "لە پەرلەماندا یاسایەكی نوێی پاسپۆرتمان لە بەردەستە كە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و لەهەوڵداین بۆ خوێندنەوەی دووەم و پەسەند كردنی، پڕۆژە یاساكە گرنگی خۆی هەیە و ئەو هاووڵاتیانەی پێشتر پاسپۆرتیان ونكردووە یان دڕاوە و خراپ بووە دەتوانێ لە پارێزگاكەی خۆیەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا پاسپۆرتێكی نوێ دەربكات".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق كە نوێنەری قەڵادزێییەكانە بۆ پرسی بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ ئاماژەی كرد بەوەی "لە رۆژانی رابردوودا نوێنەرانی پەرلەمانی كوردستان هاتنە بەغدا بۆ بەرەسمیكردنی مەرزی كێلێ، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵێكی رەسمی دەستی پێكردووە و سەردانی زۆربەی لایەنە بەرپرسەكانی عێراقمان كردووە و رەزامەندی بەغدا وەرگیراوە، هیوادارین لە زوترین كاتدا ئەو مەرزە بكرێتەوە كە گرنگی خۆی بۆ ناوچەكە هەیە".
لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئارام شێخ محەمەد دوێنێ لە كۆبونەوەی لەگەڵ وەفدێكی پەرلەمانی كوردستان كە بۆ راپەڕاندنی مامەڵەی بەرەسمیكردنی مەرزی كێلێ چونە بەغدا، هەنگاوەكانی بەرەسمیكردنی مەرزی كێلێ تاتوێ كرا.
لەدیدارێكدا كە سەرۆكی كوتلە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، وەفدەكەی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق و سەرۆكایەتی كۆمار رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر بەرەسمیكردنی مەرزەكە و رەوانەكردنی ئەو داوایە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی پەسەندكردنی. داواشیان لە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكی كوتلە كوردییەكان كرد، هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە تا بەزوترین كات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بیخاتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانییەوە و پەسەندی بكات.
مەرزی كێلێ دەكەوێتە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سنووری قەزای قەڵادزێ لە پارێزگای سلێمانی، لە دوای ساڵی 1991 ەوە بە شێوەیەكی ناڕەسمی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو مەرزەوە كراوە و دانیشتوانی ناوچەكەش چەندین جار داوای بەرەسمیكردنی مەرزەكەیان كردووە.