قاھیرە
سەركۆماری لەكار لابراوی میسر محەمەد مورسی بە 20 ساڵ زیندانی سزادرا. دادگایی كردنی محەمەد مورسی و 14 تۆمەتباری دیكە لە بارەگای ئەكادیمیای پۆلیسی قاھیرە ئەنجام درا.
گرتەی ڤیدیۆی دادگایی كردنی مورسی و ھاوڕێكانی لە كەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی میسر راستەوخۆ پەخشكرا، دادوەر ئەحمەد سەبری بڕیاریدا "محەمەد مورسی سەركۆماری پێشووی میسر و ئەسعەد ئەلشێخ، ئەحمەد عەبدولاتی، ئەیمەن ھودھود، عەلا حەمزە، رزا ساڤی، لەملوم مەكاوی جومعە، ھانی سەید توفیق، ئەحمەد ئەل موغیر، عەبدولرەحمان عز و محەمەد ئەل بەڵتاجی، ئیسلام ئەل ئریانی و وەجدی غونەیم بە 20 ساڵ زیندانی بكرێن. ھاوكات ماوەی پێنج ساڵ لە ژێر چاودێری پۆلیسدا بمێنەوە.
دوو لە تۆمەتبارەكانیش كە ناویان عەبدلخالق عەبدلرەحمان و جەماڵ سەبری سزای 10 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا. مورسی دوای كودەتا سەربازییەكەی سێی تەمووزی 2013 چەند جارێكی دیكە دادگایی كراوە بەڵام سزای وەرنەگرتوو دادگایی كردنەكەی دواخرا. ئەم جارەیان مورسی 20 ساڵ سزای زیندانی بەسەریدا سەپێندرا بەڵام رێی تەمیزكردنی بڕیارەكە كراوەیە.
مورسی و ھاوڕێكانی وەكو تۆمەتباری كوژرانی ژمارەیەك خۆپیشاندەر لە خۆپیشاندانەكانی 2012 كە لە بەردەم كۆشكی سەرۆكایەتی میسر بەڕێوەچوو، دەستگیركران و دواتر لە چواری تشرینی دووەمی ٢٠١٣ یەكەمین جار چووە بەر دادوەر و دادگایی كرا.