واشنتۆن
دوای كوژران زیاتر لەهەزار كەس لە خۆپیشاندانەكانی مەیدانی رەبیعەی ئەدەوییە سەرۆكایەتی ئەمریكا فەرمانی راگرتنی هاوكارییە سەربازییەكانی ئەو وڵاتەی بۆ میسر دەركرد بەڵام سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما ئەو فەرمانەی هەڵوەشاندەوە و كاروانێكی دیكەی هاوكارییە سەربازییەكانی كە پێكهاتووە لە فڕۆكەی جۆری ئیف 16، مووشەكی جۆری هارپۆن و چەندین پارچەی جۆری ئیم 1 ئای 1ی تانكی رەوانەی میسر كرد.
بەپێی راگەیەنراوێكی كۆشكی سپی سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما ئەمڕۆ لە رێگای تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ سەركۆماری میسر عەبدولفەتاح سیسی كردووە. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە پرسی هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ میسر، رەوشی لیبیا و یەمەن و چەندین پرسی دیكەی ناوچەكە كراوە و ئۆباما بە سیسی گوتووە كە ئەو فەرمانەی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە تشرینی یەكەمی ساڵی 2013 گەیاندنی هاوكاری سەربازی بۆ میسری راگرتووە هەڵوەشاندووتەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ئۆباما لە بوودجەی ساڵانە داوای 1.3 ملیار دۆلار بۆ هاوكاری سەربازی بۆ میسر دەكات و لە ساڵی 2018 هەوڵ بۆ ئەوە دەدات كە لە چوار بوارەوە لە رووی سەربازییەوە هاوكاری میسر بكات كە ئەو چوار بوارەش بریتین لە هاوكاری بۆ ئاسایشی ناوخۆیی میسر، شەڕی دژی تیرۆر، پاراستنی سنوورەكانی میسر و پاراستنی ئاسایشی دوورگەی سینا و كەناراوییەكانی دیكەی ئەو وڵاتە.
ئۆباما هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی هاوكاری سەربازی بۆ میسر و بەو جۆرە لە ناوچەیەكی پڕۆ ئاڵۆزدا پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان میسر و ئەمریكا لە چوارچێوەی بەرەژوەندییەكانی هەردوو لادا بەردەوامیان دەبێت.
ئۆباما هەروەها باسی لە نیگەرانییەكانی ئەمریكا لە بارەی بەردەوام كردنی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران و ئەو سكاڵا گشتییانەی كە لەمیسر بەردەوامن دەربڕیوە و داوای كردووە رێز لە ئازادی رادەربڕین و ئازادی ئەنجامدانی كۆڕ و كۆبوونەوە بگیردرێت. هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بڕیار دراوە كە هەردوولا درێژە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان بدەن و لەو چوارچێوەیەدا ئۆمابا مۆڵەتی بە ناردنی 12 فڕۆكەی جۆری ئیف 16 و 20 مووشەكی جۆری هارپۆن و چەندین پارچەی تایبەتی تانكەكانی بۆ میسر داوە.