تاران
رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی لە بارەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریكا تایبەت بە بوونی بژاردەی سەربازی لە بەرامبەر ئێران لەسەر مێز گوتی: "خەڵكی ئێران هیچ جۆرە دانوستانێك لە ژێر گوشاردا قبووڵ ناكات".
خامنەیی لە میانی دیدارێكی لەگەڵ ژمارەیەك مامۆستای ئێرانی كە بە بۆنەی حەفتەی مامۆستایانەوە سەردانی خامنەییان كردبوو گوتی: "پێًویستە هەیبەت و شكۆی خەڵكی ئێران و شۆڕشی ئیسلامی ئێران بپارێزرێت، لەم رۆژانەی دواییدا دوو لە بەرپرسانی ئەمریكا هەڕەشەكانی سەربازییان لە ئێران دووبارە كردەوە، ئایا گفتوگۆ كردن لە ژێر هەڕەشەدا چ جۆرە مانایەكی هەیە؟ خەڵكی ئێران دانوستانی ژێر هەڕەشە قبووڵ ناكات".
خامنەیی گوتیشی: "ئەمریكا پێویستی بە دانوستانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی هەیە و پێویستی ئەمریكا بەو دانوستانانە لە پێویستی ئێران كەمتر نییە كە بتوانێت بڵێت ئێرانمان هێنایە سەر مێزی دانوستان و دەتوانین داواكارییەكانمان بەسەر ئێراندا بسەپێنین".
خامنەیی گوتی: "شاندی دانوستانكاری ئێرانی دەتوانێت بچێت لە چوارچێوەی هێڵەكانی گشتییدا دانوستان بكات بەڵام بە هیچ شێوەیەك نابێت هیچ جۆرە هەڕەشە، بێڕیزی كردن یا گوشار خستنە سەر قبووڵ بكات".
پێشتریش سەرۆكی پەرلەمانی ئێران عەلی لاریجانی رایگەیاندبوو كە ئەگەر بێت و لە چوارچێوەی ئەو دانوستانانەدا لایەنی رۆژئاوا بێ رێزی بەرامبەر بە ئێران بكات ئەوا ئێران بەردەوام دەبێت لەسەر پتاندنی یورانیۆم.