فرانكفورت
رۆژنامەنووس و نووسەر رۆنی مارگولیەس گوتی: "ئیسلامۆفۆبیا پرسێكی لەمێژینەی ئەورووپا و ئەمریكایە و ماوەیەكی درێژە پەرەی سەندووە و بە ئەنقەست جیاوازی لە بەرامبەر موسڵمانەكاندا دەكرێت".
مارگۆلیەس بە ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بێگۆمان پرسی ئیسلامۆفۆبیا پرسێكی لەمێژینەی ئەورووپا و ئەمریكایە و ماوەیەكی زۆرە گەورە بووە و دوای هێرشەكانی 11ی ئەیلوول پەرەی سەند و لە سەردەمی دەسەڵاتداری جۆرج بوشدا چە لە ئەمریكا و چە لە ئەورووپا بەدەستی دەوڵەت و هەم لە نێو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەدا دەنگی دایەوە".
مارگولیەس گوتی: "چەندین فاكتەری سەرەكی بۆ پەرەسەندنی پرسی ئیسلامۆفۆبیا هەیە چونكە ئەمریكا لە لایەكەوە عێراق و لە لایەكی دیكەیشەوە ئەفغانستانی داگیر كرد و ئەو شتانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامیاندان سەر و حەسابیان نییە بۆیە سەرەڕای هەر شتێك ناچارە ئەمە لە بەرچاوی خەڵكی خۆیان مەشروع بكەن یا مەشرووعیەت بە كردارەكانی خۆیان ببەخشن چونكە لەو وڵاتانە ئەو جۆرە كەسانە بە هەڵبژاردن دەبنە دەسەڵات. ئیسلامۆفۆبیا تەنیا بۆ موسڵمانەكان نییە بەڵكو بۆ ئەوانەی كە لە دژی نەژاد پەرەستین بووەتە كێشە و لە ئەورووپا بە تایبەتی لە بەریتانیا چەندین كەس و لایەن هەن كە شەڕی دژی ئیسلامۆفۆبیا دەكەن".
مارگولیەس جەختی لەوە كردەوە كە لە پەرەسەندنی ئیسلامۆفۆبیادا دەوڵەتەكان تاوانباران. دەوڵەتە ئەوروپییەكان وا نیشان دەدەن كە گوایا سیاسەتیان بۆ شەڕی دژی ئیسلامۆفۆبیا هەیە چونكە ئەوانە ئەو حكوومەتانەن كە جەخت لەسەر دیموكراتیك بوونی خۆیان دەكەن و راستەوخۆ بە باشی پێشوازی لە نەژادپەرەستی ناكەن بەڵام لە لایەكی دیكەوە لە پەرەسەندنی ئیسلامۆفۆبیادا بە شێوەیەكی بەرچاو دەوڵەتەكان تاوانباران بە تایبەتی لە ئەمریكا بە ئەنقەست پرسی ئیسلامۆفۆبیا بووەتە بەشێك لە سیاسەتی دەوڵەت و بە ئەنقەست بە شێوەیەكی راستەوخۆ لە دژی موسڵمانان نەژادپەرەستی دەكەن و پەرە بە نەژادپەرەستی دژی موسڵمانان دەدەن. بۆ نموونە ئەمڕۆ موسڵمانێكی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ رۆیشتنی بۆ ئەمریكا زۆر بە زەحمەت دەتوانێت ڤیزای ئەو وڵاتە وەربگرێت. ئەمانە سیاسەتی دەوڵەتە بۆیە لە لایەكەوە وا نیشان دەدەن كە گوایا دژی نەژادپەرەستین بەڵام لەو لایەکیشەوە بە دەستی دەوڵەت جۆرە نەژادپەرەستییەك پێدەگەینن.
مارگولیەس گوتی: "هێرشەكانی سەر گۆڤاری چارلی ئێبدۆ لە پاریس و دەركەوتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ موسڵمانان بێ شانسییە، بێگومان هێرش كردنە سەر گۆڤارێك و كوشتنی رۆژنامەنووس و كاریكاتێریستەكان قەبووڵکراو نییە بەڵام لە فەڕەنسا تەنیا ئەو پێنج كەسە نەكوژران، لە فەڕەنسا رۆژانە پێنج كەس دەكوژرێن بەڵام یەك ملیۆن كەس ناكەوێتە كۆڵانەكانەوە. لە لایەكی دیكەوە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نیوەڕاست و وڵاتانی ئیسلامیدا یا لە وڵاتانی عەرەبیدا ئەگەر پێنج كەس بكوژرێن كەس باسیان لێوە ناكات، لە عێراق هەر دەقیقەیەك پێنج كەس دەكوژرێن، لە سووریا و میسریش هەر بەو جۆرە، بۆ چی كەس بۆ ئەوانە ناكەوێتە كۆڵانەكان".