Mazın Asad
08 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2016
ئیستانبوڵ
داودئۆغڵو لە کاتی پشکنینی پردی یاڤوز سوڵتان سەلیم لە ئیستانبوڵ وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ھێرشەکانی بەعشیقە، داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی کەمپی بەعشیقە لە ئێستادا روون بووەتەوە و راشیگەیاند ساڵی رابردوو دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کەمپەکە دامەزراوە.
داودئۆغڵو روونیشی کردەوە کە پێداویستی یەکەی سەربازیی لە کاتێکدا بووە کە ئەگەری ھێرشێکی لەناکاوی داعش و گومانی ئاسایش لە ئارادا بووە و بەو پێیەش گوتی: "پێشتر بەرامبەر بە ھەڕەشەکان گۆڕانکاریمان کردووە. جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە کە دوێنێ لە میدیاکان ھەواڵی شەھیدبوونی سەرباز بڵاو کرایەوە. ھیچ بارێکی نەرێنی تا ئێستا لەسەر سەربازانی تورکیا لە کەمپی بەعشیقە نییە. لەبارەی سەلامەتی ئەوانەوە تا ئێستا ھیچ پێشھاتەیەکی نەرێنی لەئارادا نییە. دوێنێ و لەوەو پێشیش چەند ھێرشێک جێگەی باس بووە و لە ھەمان کاتیش سەربازانمان وەڵامی پێویستیان داوەتەوە. لە کاتی پێویستیش سزای تیرۆریستان دەدرێت . ماوەیەک لەوەوپێش ھێرشەکان جێگەی باس بوو کە بە ٤٠ تا ٥٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش نۆ مۆڵگەی داعش لەناو بردرا".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا روونیشی کردەوە کە ئەرکی سەربازان زۆر روونە کە لە پێناو ھاوکاریکردنی عەرەب، کورد و تورکمانەکانی موسڵ بۆ پارێزگاریکردن و رزگارکردنی شارەکەیان لەوێدان کە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی نێودەوڵەتی چالاکی مەشق و راھێنان بەڕێوە دەبەن.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە پێناو پارێزگاریکردن لە سەربازانیان رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر و راشیگەیاند لەوبارەیەوە ھاووڵاتییان نیگەران نەبن.
داودئۆغڵو لە درێژەدا گوتیشی: "ئەوانەی لەوەو پێش رەخنەیان لە تورکیا دەگرت بەوەی کە وەک پێویست بەشدار نییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەمڕۆش رەخنە لە ھەبوونی تورکیا لە موسڵ دەگرن کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەرەنگاری دژی داعش دەکات و راھێنان بە سوپای عێراق دەکات لەو شوێنە. ئێمە بەھیچ شێوەیەک چاوپۆشیمان لە بەرەنگاربوونەوەی دژی تیرۆر نەکردووە. تاسەریش رێزمان بۆ یەکپارچەیی و سەرورەی خاکی عێراق ھەیە. بوونی ئێمە لەو شوێنە تەنھا بەمەبەستی پاراستنی سەرورەی و یەکپارچەیی خاکی عێراقە. ھیواخوازم رۆژێک دێت گشت خانەکانی تیرۆر تەنھا داعش نا بەڵکو پەکەکەش خاوێن دەکرێتەوە و لەگەڵ وڵاتی عێراقی دۆست و برای شانبەشانی بەکتر بەردەوام دەبین لە کارەکانمان. ئەوە ئامانجی سەرەکی ئێمەیە".
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی پەیوەندی تەلەفۆنی ئۆباما و عەبادی کە لێدوانی ئۆباما سەرنجی راکێشابوو، داودئۆغڵو لەوبارەیەوە گوتی: "کەمێک لەوەپێش باسی لایەنەکانی نێودەوڵەتیمان کرد. رەنگە وەڵامەکە روون بووە. ھەر چی بگوترێت ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکا لە پەیوەندیداین".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما و دواتر کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و دواجاریش لەگەڵ سوپاسالاری ئەمریکا کە کۆبووەتەوە و تییایدا ھەڵوێستی تورکیا بە راشکاوی بە لایەنی ئەمریکا راگەیەنراوە و زیاتر گوتیشی: "ھەڵوێستی خۆمان بە شێوەیەکی ئاشکرا بە ئەمریكا راگەیەنراوە. بنەماکانی ئەم ھەڵوێستەش دیارە. یەک: تورکیا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی دژی تیرۆر، لە ھەماھەنگی دایە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھێزەکانی ھاوپەیمانان و ھەروەھا حکوومەتی عێراقی. دووەم: ھەبوونی تورکیا ئەنجامی سرووشتی ئەم ھەوڵەی تورکیایە و تەنھا لە دژی تیرۆریستان دایە. سێیەم: رزگارکردنی موسڵ و ھاوکات پێگەی باکووری عێراق بۆ تورکیا ناوچەی ئاسایشی نیشتمانییە چونکە بوونی داعش و پەکەکە لە ھەموو وڵاتێک زیاتر ھەڕەشەی بۆ سەر تورکیا ھەیە. چوارەم: گشت ئەو چالاکییانە لە چوارچێوەی رێز لە سەرورەی و یەکپارچەیی خاکی عێراق بەرێوە دەچێت. ھاوکات ھیچ رۆژەڤ و ئامانجێکی شاراوە لەمەدا نییە. ئەو چالاکییەی کە بەرێوە دەچێت تەنھا لەدژی داعش دایە. لەکاتێدا کە حکوومەتی عێراق گشت ئەو خاکەی پاراست و توانی کۆنترۆڵی سەروەری خۆی بکات، ئەوا پێویست ناکات تورکیا لەو شوێنە بمێنێتەوە. گرتنی رێوشوێنی پێویستی تورکیا بەرامبەر پەکەکە و داعش لە ناوچەکە بەشێکە لە ھەوڵەکانی نێودەوڵەتی".