سلێمانی
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نرخی دۆلاری ئەمریكی بەردەوام لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی كوردستان هەڵبەز و دابەزی بەخۆبینیوە، بە جۆرێك تەنها لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا نرخی 100 دۆلار بەرامبەر دینار گەیشتە 133 هەزار دینار و ئەمڕۆ بۆ كەمتر لە 130 هەزار دینار كەم بۆتەوە .
بەرزی و نزمی نرخی دۆلار و ئەو ناجێگیرییەی لە نرخی دراوەكاندا هەیە نیگەرانی لەلای هاووڵاتییان دروست كردووە و زیانی بە بازرگان و هاووڵاتیان گەیاندووە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق ئەحمەد رەشید لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هۆكاری هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە، خاڵی سەرەكی بوونی كێشەیە لە پەیكەری ئابووری عێراقدا كەئەوەیش لە هەر وڵاتێكدا بوونی هەبێت دراوەكەی جێگیر نابێت".
ئەو زیاتر لەو بارەیەوە گوتی: "سیاسەتی دراو لە عێراق حەكیمانە نییە و حكوومەت بەردەوام دەیەوێت بانكی ناوەندی كە داڕێژەری سیاسەتی دراوە گوێڕایەڵی خۆی بێت، كە لە هیچ شوێنێكی جیهاندا شتی وا نییە".
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی گوت: "لە عێراقدا هەڵائاوسان و نابەرامبەری دراوی ناوخۆ و دەرەوە هەیە و باڵانسەكە یەكسان نییە، ئابووری عێراق بەردەوام پشت بە فرۆشی نەوت دەبەستێت ئەوەش كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە ئاستی هەناردەی نەوت زۆر بێت و نرخی نەوتیش بەرز بێت ، لەكاتێكدا لە ئێستادا هەردووكیان نزم بوونەتەوە".
ئەحمەد رەشید ئاماژەی كرد بەوەی تا ئەو فاكتەرانە بەردەوامییان هەبێت هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەردەوامی دەبێت.
پێشتر بانكی ناوەندی عێراق رۆژانە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بەڵام بەپێی بوودجەی ئەمساڵ ئەو رێژەیە بۆ 75 ملیۆن دۆلار كەمكرایەوە، بەو هۆیەوە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی رووی لە بەرزبوونەوە كرد و ئابووری عێراقی رووبەڕووی هەڵاوسان كردەوە.
بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چەند كۆبونەوەیەكی لەگەڵ بانكی ناوەندی عێراق ئەنجامداوە و دوای ئەو كۆبونەوانە تاڕادەیەك نرخی دۆلار دابەزینی بەخۆوە بینیوە.
بڕیاردەرەكەی لیژنەی دارایی لە بارەی هەوڵەكانی بەرزكردنەوەی نرخی دیناری عێراقییەوە گوتی: "كۆبونەوەی بەردەواممان لەگەڵ بانكی ناوەندی هەیە بۆ گەیشتن بە رێگاچارەیەك، یەك لەو رێگایانەش دانانی بەربەستە لە بەردەم ئەو پارانەی دەچنە دەرەوە، هەنگاوێكی تر دەركردنی دراوی نوێی جۆری 50 هەزاری و 100 هەزار دیناری عێراقییە كە بەوەش دەتوانرێت كورتهێنانی دراو چارەسەر بكرێت".