تاران
عه‌باس عراقچی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه و گه‌وره راوێژكاری ئێران رایگه‌یاند: "گوته‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جۆن كیری هیچیان راست نیین، ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه به‌ته‌واوه‌تی روونه. له یه‌كه‌م رۆژی جێبه‌جێ كردنی رێككه‌وتنه‌كه‌وه سزا ئابووری و داراییه‌كان و ته‌واوی ئه‌و ئابڵوقانه‌ی کە ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی خستوویه‌ته سه‌ر ئێران به ته‌واوه‌تی هه‌ڵده‌گیرێن".
له لێدوانیكیدا بۆ ته‌له‌فزیۆنی فەرمی ئێران، عراقچی باسی له‌وه كرد كه به پێچه‌وانه‌ی روونكردنه‌وه‌كانی حكوومه‌تی ئه‌مریكا ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پێندراون به یه‌كجار هه‌ڵده‌گیرێن.
له به‌رامبه‌ر گوته‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا كه گوتبووی "سزاكانی سه‌ر ئێران قۆناغ به قۆناغ هه‌ڵده‌گیرێن"، عراقچی گوتی: "ئه‌و قسانه هیچی راست نیین، ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه به‌ته‌واوه‌تی روونه. له یه‌كه‌م رۆژی جێبه‌جێ كردنی رێككه‌وتنه‌كه‌وه سزا ئابووری و داراییه‌كان و ته‌واوی ئه‌و ئابڵوقانه‌ی کە ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی خستوویاننه‌ته سه‌ر ئێران به ته‌واوه‌تی هه‌ڵده‌گیرێن".
عراقچی گوتیشی: "با خۆمان راده‌ستی پروپاگه‌نده‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر نه‌كه‌ین. چونكه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی له‌و به‌یاننامه هاوبه‌شه‌دا هاتبوو كه دووی نیسان له‌لایه‌ن وه‌زیری دره‌وه‌ی ئێران جه‌واد زەریف و نوێنه‌ری باڵای سیاسه‌تی ئاسایش و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كیتی ئه‌وروپا فهدهریكا مۆگرینی خوێندرایه‌وه زۆر روون و ئاشكران".
رۆژی پێنجشەممه‌ی رابردوو ئێران و وڵاتانی 5+1 له شاری لۆزانی سویسرا گه‌یشتنه رێككه‌وتن له‌باره‌ی دۆسیەی به‌رنامه ئه‌تۆمی تاران.
به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه، بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ چه‌ند سنورداركردنێك له به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ئێران‌دا ده‌كرێت كه رێگه له‌و وڵاته ده‌گرێت ببیته خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی. له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌و سزا نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی سه‌ر ئێران هه‌ڵده‌گیرێن كه به‌هۆی به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌كه‌یه‌وه به‌سه‌ریدا سه‌پێندرابوو.
له كاتێكدا حكوومه‌تی ئه‌مریكا باس له‌وه ده‌كات كه سزاكان قۆناغ به قۆناغ هه‌ڵده‌گیرێن، لایه‌نی ئێرانی باس له‌وه ده‌كات كه دوای ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه له‌لایه‌ن ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه په‌سه‌ند ده‌كرێت، سزاكان به ته‌واوه‌تی هه‌ڵده‌گیرێن.