باتمان
لە تەواوی ناوچەکانی کوردنشین تا ئێستا لە ١٦ گوند کە دانیشتوانەکەیان دەگاتە ٨٠٠ کەس ، هەشت ئافرەت وەک گوندپارێز رۆڵ دەبینن.
لە گوندی کایاباشی سەر بە شاری باتمان، ژنێک بەناوی ناجییە شاهین ٤٦ ساڵ ماوەی ٢٦ ساڵە پیشەی گوندپارێزی دەکات، ئەو هەر لە سەرەتای گەنجیەوە دەستی داوەتە ئەو کارە.
ناجیە ئاماژە بەوە دەکات کە ژنانی گوندپارێز بە دەستێکیان تفەنگیان هەڵگرتووە و بەدەستێکی تریان منداڵەکانیان بەخێو دەکەن. ناوبراو بە ئەرێنیەوە دەڕوانێتە قۆناغی چارەسەریی و هاوکات بانگەوازی فرێدانی چەک بۆ پەکەکە بە ئەرێنی وەسف دەکات.
گولەر دەمیر لە گوندەکەدا تەمەنی ٢٣ ساڵە و بچوکترین ئافرەتی گوندپارێزە، ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە خوازیارە شەڕوشۆڕ کۆتایی پێبێت.
سیستەمی گوندپارێزی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ٢٦ ی ئازاری ١٩٨٥ بەپێی ماددەی ٧٤ی ژمارە ٤٤٢ ی گوندەکان خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە، تێیدا چەک درایە ئەو کەسانەی لە گوندەکاندان تاکو گوندەکانیان بپارێزن لەهەر هێرشێکی چەکداری.