Muhammet Kurşun
22 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2015
هەولێر
مامۆستا لەزانکۆی سەڵاحەدین رەزوان بادینی، گوتی: "مافێکی سرووشتی پێشمەرگەکانی رۆژئاوایە بچنە سووریا، بەڕاشکاوی ئەوە دەڵێم کە پەیەدە بەناچاری گەنجانی خوار ١٨ ساڵی دەباتە سەربازیی".
بادینی وەک کوردێکی سووریا و ئەندامێکی ئۆپۆزیسیۆن بەشداری کۆنگرەی جنێفی دووەمی کرد. سەبارەت بە هێرشە سەربازییەکانی رووسیا لەسووریا، سیاسەتەکانی پەیەدە و ناردنی پێشمەرگەکانی سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
نیگەرانییەکانی تورکیای بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پەیەدە درێژکراوەی پەکەکەیە لەسووریا و گوتی: "ئەگەر لەرۆژئاوا لەجێگای پەیەدە پەدەکە بووایە، هەڵوێستی تورکیا زۆر جیاواز دەبوو. بەڵام پەیەدە بەپەکەکەوە گرێدراوە و ئەو رێکخراوەش لەدژی تورکیا چەکی هەڵگرتووە".
بادینی جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە ئەگەر لەسەرەتای قۆناغەکەوە تورکیا کوردەکانی سووریای بەلایەنی دانوستانکار زانیبووایە ئەو هەموو گیر و گرفتە درووست نەدەبوون و لەو بارەیەوە گوتی: "بەپێویستی دەزانم تورکیا دانوستان لەگەڵ ئەو کوردانەی سووریا بکات کە لەدەرەوەی پەیەدەن و قۆناغێکی نوێ دەست پێ بکەن. پێویستە رێگاچارەیەک بدۆزرێتەوە لەدەرەوەی پەکەکە کە ئەوان ببنە بەرگریکاری مافەکانی کوردی سووریا. دەکرێ ئەنەکەسە یان سەکەدەپە وەک لایەنی دانوستانکار مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ".
ناوبراو ئەوەیشی خستەڕوو کە پەیەدە لەدەرەوەی خۆی هیچ حزب و هێزێک قبووڵ ناکات، گوتی: "ئەو سیاسەتەی پەیەدە گرتوویەتییە بەر رێ بەهیچ پارت و هێزێک نادات لەوێ بمێننەوە. پەیەدە نوێنەرایەتیی زۆرینەی کوردی سووریا ناکات. دەیتوانی سیاسەتێکی ئەرێنی و نەرم پەیڕەو بکات لەنێوان کوردەکان بەڵام نەیکرد".
بادینی ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە پەیەدە چەک هەڵدەگرێ بەگەنجی خوار ١٨ ساڵ بەناچاری، بەڵام رێ بەتێپەڕبوونی پێشمەرگە نادات و گوتی: "مافێکی سرووشتی پێشمەرگەکانی رۆژئاوایە بچنە سووریا، بەڕاشکاوی ئەوە دەڵێم کە پەیەدە بەناچاری گەنجانی خوار ١٨ ساڵی دەباتە سەربازیی. لەکاتێکدا رێ لەپێشمەرگەکانی رۆژئاوا دەگرێت کە لەهەرێمی کوردستان مەشق و راهێنانی سەربازیان پێکراوە و بەشداری جەنگشیان کردووە لەدژی داعش".
بادینی سەرنجی راکێشا بۆ ئەوەی ئەسەد زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەسی لە گەلی خۆی کووشتووە و بووەتە هۆکاری کۆچکردنی ٥-٦ ملیۆن کەس، گوتی: "ئەسەد بووەتە سیمبۆلی دیکتاتۆرێتی، ستەمکاری و خوێنمژی لەدونیا. ئیدی چاوەڕێی رێگای ئاشتییانە ناکەین. بەڵام بەداخەوە چارەسەریی قەیرانی سووریاش بەوەوە گرێدراوە. هەموو دونیا بەو پرسەوە ماندوو بووە".
بادینی ئەوەی بەبیرخستەوە کە رووسیا و سووریا هاوپەیمانێتی ٥٠ ساڵەیان هەیە، بەو شێوەیە بەردەوام بوو لەسەر قسەکانی: "پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش تاکلایەنە ناچن بەڕێوە. هەموو دەوڵەتێک دەیەوێ هێز لەبن دەستی خۆی دابێ. هەر دەوڵەتێکی گەورە دەسکەلای بچووکی هەیە کە بەپێی بەرژەوەندی ئەو هەڵدەسوڕێن. بەداخەوە وڵاتانی جیهانی سێیەم بۆ خۆیان دیموکراسی و شارستانییەتیان درووست نەکرد. هەموویان بوونە دەسکەلای هێزە گەورەکان".
بادینی جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە لەسەردەمی حکومڕانی ئاکپارتیدا، بوونی کوردەکان بەفەرمی دانی پێدانرا و سەبارەت بەو بابەتە گوتی: "لەو قۆناغەدا قەدەغەکراوەکان هەڵگیران. زمانی کوردی بووە زمانی هەڵبژێردراو. لەزانکۆکان بەشی زمانی کوردی کرایەوە. کەناڵی تەرەتە کوردی کرایەوە. وەک دەیبین ئێستا لەئاژانسی ئانادۆڵویش بەکوردی دەدوێم. ئاژانسی ئانادۆڵوش بەشی کوردی کردەوە و بەکوردی پەخش دەکات. ئەوانە دەستکەوتی گەورەن. من دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخساوە لەگەڵ زۆریک لەگەڵ رۆشنبیران و ئەکادیمیەکانی تورکیا دانیشتووم، بەراستی ئەو پێشهاتانەیان لاپەسەندکراوە".
بادینی دەڵێ: "بەدرێژایی مێژووی کۆماری تورکیا بۆ یەکەمجار ئاک پارتی دانینا بە ناسنامەی کورد" و بەو شێوەیە لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو: "پێشتر بوونی کوردەکان دانی پێدا نەدەنرا. تانسو چیللەر، مەسعوود یڵماز، سولەیمان دەمیرێل و بولەند ئەجەوید دانیان بەکورد دانەدەنا. ئەگەر بەرامبەر کارەکانی ئەردۆغان چاومان بگرین، راستییەکان نابینین. پێویستە ئەوانە ببینین. ئەوەی ئەردۆغان کردوویەتی بەدرێژایی مێژووی کۆمار هیچ کەسێک بۆ کوردی نەکردووە".
بادینی تیشکی خستە سەر ئەوەی لەدوای هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیران لە تورکیا کە هەدەپە ٨٠ پەرلەمانتاری دەرچوو، خەڵک وای بیردەکردەوە، کە ئیدی پەکەکە دەست بۆ چەک نابات و دەست لەتوندتیژی هەڵدەگرێ، کێشەکان لەپەرلەمان چارەسەر دەکرێن، گوتی: "لەدوای پەلامارە تیرۆرستییەکەی سروج، پەکەکە دوو پۆلیسی کووشت. بانگەشەی ئەوەی کرد ئاکپارتی ئەو پەلامارە تیرۆریستییەی ئەنجام دابێ. ئەگەر بەڵگەت هەیە بیخەڕوو. بەڵام هەر رێک دوای سەعاتێک لەدوای پەلامارەکە بێیت و بڵێی ئەوە دەوڵەتی تورکیا وایکرد کارێکی هەڵە و بەکێشەیە".