رۆما
پاپا فرانسیسی یەكەم، پاپای كڵێسای كاسۆلیكی، پێش جەژنی قیامەت لە هەینی پیرۆزدا رێوڕەسمی ئاینی رێگای خاج (Via Crucis)ی بەڕێوەبرد.
لە ئایینی مەسیحیدا، جەژنی قیامەت تایبەتە بە لە خاچ دان و دواتر زیندووبوونەوەی حەزرەتی مەسیح. لە رۆژی هەینی پیرۆزدا یادی لە خاچدانی عیسای مەسیح دەكرێتەوە كە لە گۆلگۆسا لە شاری قودس لە سەدەمی رۆمانەكان لە خاچ درا. بۆ ئەو مەبەستەش لە بەردەم بینای مێژوویی كۆلێزیومی رۆما بە بەشداری پاپا رێوڕەسمی ناسراو بە رێگای خاج (Via Crucis) ساز كرا.
رێگای خاج (Via Crucis)، لە 14 قۆناغ پێك دێت كە لە خاچدانی حەزرەوتی عیسا دەنوێنێت كە لەلایەن سەربازانی رۆماوە دەستگیركرا و لەلایەن دادوەرانی جوولەكەوە سزای كوشتنی بۆ دەركرا و لە خاچ درا. لە رێوڕەسمەكەی ئەمساڵدا بەشێوەیەكی تێكەڵ شانۆیی هەڵگرتنی خاچ كە حەزرەتی عیسا هەڵی گرتبوو لەلایەن ئەو هاووڵاتیە مەسیحیانەوە دووبارە كرایەوە كە لە وڵاتانی عێراق، سووریا، چین، نایجیریاوە بەشداری رێوڕەسمەكانیان كردبوو.
شانۆیی خاچ، كە هیمای مردنی حەزرەتی عیسایە لە 14مین قۆناغیدا دوای ئەوەی گەیشتە لای پاپا فرانسیس لە كۆتا بەشی رێوڕەسمەكەدا پاپا وتارێكی كورتی پێشكەش كرد.
لە میانەی وتارەكەیدا، پاپا باسی لەو هێرشانە كرد كە دوێنێ لە عێراق، كینیا و لیبیا كرانە سەر مەسیحیەكان و گوتی: تینوێتی و ناڕەحەتی برایانی مەسیحی ئەمڕۆ وەك لەخاچدانی حەزرەتی عیسا رەحمەتە كە بۆ رزگاركردنی مرۆڤایەتی هاتووە، ئەوەی بەسەر مەسیحیەكاندا دێت بە بەرچاومانەوە بەهۆی بیروباوەڕەكەیانەوەیە. بێ دەنگی ئێمەش بەرامبەر ئەو ستەمە دەمانكاتە هاوبەشی ئەو تاوانە.
لە كۆتایی رێوڕەسمەكەدا، هەندێ لە پەیڕەوانی ئاینی مەسیحی هوتافی "بژی پاپا"یان دەوتەوە. پاپاش لەبری سەیارە تایبەتەكەی خۆی كە بەشێوەیەكی فەرمی بەكاری دەهێنیت بە سەیارەیەكی مەدەنی چووە گۆڕەپانی رێوڕەسمەكە و بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لێكرا. پاش رێوڕەسمە ئایینیەكەش سەرلەنوێ بە چەپڵەڕێزان بەڕێكرا.
رێوڕەسمە ئایینیەكە، كە لە بەردەم یەكێك لە بینا مێژووییەكانی رۆما ساز دەكرێت، دەیان هەزار كەس لە گەلانی جیاواز بەشداری تێدا دەكەن.