پاریس
بالیۆزی توركیا لە پاریس ھاككی ئاكەل رایگەیاند كە حكوومەتی توركیا 40 هاووڵاتی فەڕەنسی كە لە لایەن فەڕەنساوە بە گۆمانی تیرۆر داواكراون رادەستی حكوومەتی ئەو وڵاتە كردەوە. ئاكەل لە وەڵامی پرسیارێك لە بارەی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان توركیا و فەڕەنسا لە دژ بە جیهادییە بیانییەكان گوتی: "توركیا پێ وایە كە پێویستە سەرەتا شەڕی دژی جیهادییە بیانییەكان لەو وڵاتانەدا دەست پێ بكرێت كە روو لە وڵاتانی دیكەن."
ئاكەل لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی گرنگی كۆنترۆڵ كردنی ئەو هاووڵاتییانەی كرد كە لە وڵاتی خۆیان دەردەچن و دەچنە وڵاتانی دیكە و گوتی: "زۆر گرنگە ئەگەر ئەو وڵاتانەی كە گۆمانیان لە هاووڵاتیانی خۆیان هەیە هاتووچۆیان كۆنترۆڵ بكەن، چونكە توركیا ناتوانێت ئەوە ئاشكرا بكات كە كامە هاووڵاتی فەڕەنسی جیهادییە و كامە جیهادی نییە، پۆلیسی ئێمە لە فڕۆكەخانەكان یا لە شوێنەكانی دیكە ناتوانن ئەو هاووڵاتییانە لە یەكتر جیا بكەنەوە بەڵام لەو وڵاتانە كە بەڕێكەوتوونە جیاكردنەوەیان زۆر ئاسانە و ئەگەر ئەو وڵاتانە لەو چوارچێوەیەدا هەنگاو بنن ئەوا توركیایش ئامادەی هاوكارییە."
ئاكەل جەختی لەوە كردەوە كە لەو بارەوە لەگەڵ فەڕەنسا و وڵاتانی دیكەدا گفتوگۆیان كردووە بەڵام بەداخەوە سەرەتا نەتوانرا بە باشی هاوكاری یەكتر بكەین بەڵام حاڵی حازر لەو چوارچێوەیەدا هەنگاوی پراتیكی دەنرێن و هاوكاری و هەماهەنگی نێوانمان لە ئاستێكی بەرزدایە.
ئاكەل لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: "تا ئەمڕۆ ناوی 10 هەزار كەس رەوانەی توركیا كراوە و ئەگەر هاتوو یەك لەو كەسانەی كە ناوی لە نێو ئەو لیستە 10 هەزار كەسییەدا بێت نزیكی سنورەكانی توركیا ببێتەوە ئەوا دوور دەخرێتەوە و تا ئێستایش چەندین حاڵەتی بەو جۆرە روویانداوە و تا ئەمڕۆ توركیا بە گۆمانی ئەوەی كە جیهادین نزیكەی هەزار و 200 هاووڵاتی بێیانی دۆرخستۆتەوە."