Muhammet Ali Kemal
02 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2016
رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی (IOM) رایگەیاند "لەمانگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦دا ٣٦٨ پەنابەر كە ویستوویانە لە رێگەی دەریاوە بگەنە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە و لەو ژمارەیەش ٦٠یان منداڵن".
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لەبارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری جنێف ساز كرا، گوتەبێژی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی جۆیل میڵمان رایگەیاند ''لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦دا ٢٧٢ كەس لە دەریای ئیجەدا، ٩٦ كەس لە دەریای ناوەڕاستدا كە كۆی گشتییان دەكاتە ٣٦٨ پەنابەر لە كاتێكدا كە ویستوویانە بگەنە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە''.
میڵمان باسی لەوەش كرد كە لە مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ٦٧ هەزار و ١٩٣ كەس لە رێگەی دەریاوە توانیویانە بگەنە ئەورووپا.
ساڵی رابردوو یەك ملیۆن ١١ هەزار پەنابەر لە رێگەی دەریاوە گەیشتبوونە ئەورووپا.
هاوكات گوتەبێژی رێكخراوی یونیسێف سارا كراو رایگەیاند ''لەو كاتەوەی كە قەیرانی پەنابەران لە ئەورووپا دەستی پێكردووە، بۆ یەكەمجار ژمارەی ئەو ژن و منداڵانەی لە رێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە ئەورووپا ژمارەی پیاوانی تێپەڕاندووە''.
كراو گوتی: ''لەسەدا ٦٠ی ئەو پەنابەرانەی ئەمساڵ لە رێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە ئەورووپا لە ژنان و منداڵان پێكدێت. هەروەها رێژەی ئەو منداڵانەی كە لەمانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا كە لە رێگەی دەریای ئیجەوە گەیشتوونەتە ئەورووپا بریتییە لە رێژەی لەسەدا ٣٦ی پەنابەران''.