Muhammet Ali Kemal
02 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2016
ئەو ناحیەیە كە ژمارەی دانیشتوانەكەی بریتییە لە ٤٠ هەزار كەس، رێگای هاتنە ناوەوەی هەموو جۆرە خواردنێكی لێگیراوە، نەتەوە یەكگرتووەكان تا ئێستا دووجار هاوكاری مرۆیی گەیاندووەتە دانیشتوانی مەزایا كە یەكەمجار لە ١٠ی كانوونی دووەم و دووەمجار لە ١٤ی هەمان مانگدا بووە. جگە لەوەی كە هاوكارییە مرۆییەكان وەك پێویست نەبوون، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە ناحیەكە گیانیان لەدەستداوە، بۆ ٨٠ كەس بەرزبووەتەوە.
یەكێك لە دانیشتوانی مەزایا بەناوی ئوم رەزا كە تەمەنی ٤٦ ساڵە لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندووە، كە سەرەڕای بەرەنگاربوونەوەی برسیەتی، ساردیی كەشوهەواش كاریگەری خراپی كردووەتە سەر ژیانیان.
ئوم رەزا ئاماژەی بەوەش كرد كە لەوەتەی گەمارۆ بۆ سەر ناحیەكەمان دەستی پێ كردووە، ئەوان تەنها هەوڵی مانەوە بە زیندوێتی دەدەن و گوتی: ''لەكاتێكدا لەلایەكەوە بەرەنگاریی برسیەتی دەبنەوە، لەلایەكی دیكەوە پێویستە خۆمان لە سەرما بەدووربگرین و بەرەنگاریی زستان بكەینەوە. پارەمان پێ نییە. یەك لیتر گازوایل بە شەش هەزار لیرەی سوورییە (هەژدە هەزار دیناری عێراقی)، یەك كیلۆ دار بە ٦٠٠ لیرەی سوورییە (هەزار و ٧٥٠ دیناری عێراقی). شەش منداڵم هەیە. هەوڵدەدەم لە رێگەی داپۆشینیانەوە بە بەتانی گەرمیان بكەمەوە. نازانین چی بكەین. داوادەكەین دەستبەجێ نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكاریمان بكات. داوا لەهەریەك لە ئەمریكا، قەتەر، ئەورووپا و سعوودیە دەكەین ئاوڕێك لە دانیشتوانی مەزایا بدەنەوە''.
ئوم سەفای تەمەن 45 ساڵ یەكێكی دیكەیە لە دانیشتوانی ناحیەكە و دەڵێت، "ئێرە زۆر ساردە. دەمانەوێت گازوایل بنێرن بۆ مەزایا تا خۆمانی پێ گەرم بكەینەوە. لەئێستادا خەڵك لەسەرما رەق دەبێتەوە. دەمانەوێت رێگاكان بكرێنەوە و گەمارۆكان هەڵبگیرێن".
عەبدوڕەحمان ئەبو فیراسی تەمەن 63 ساڵیش كە لە زەبەدانییەوە بەهۆی گەمارۆدانەكەوە هەڵاتووە بۆ ناحیەكە جەختی كردەوە، ئەو یارمەتییەیانەی نەتەوە یەكگرتووەكان ناردوویەتی، بەشی 10 رۆژ ناكات.
فیراس گوتی: "داریشمان دەستناكەوێت بۆ سووتاندن. خەڵكی دەستیان كردووە بە سووتاندنی دۆڵابی ماڵەكانیان. ئێمە هیچمان ناوێت جگە لە هەڵگرتنی گەمارۆكان".
ئیسماعیل ئەبو قادری تەمەن 61 ساڵ یەكێكی دیكەیە لە دانیشتوانەكانی ناحیەكە و رایدەگەیەنێت لەو یارمەتییانە تەنها دوو كیلۆ برنج دراوە بە خێزانەكەی.
ئەبو قادر گوتی: "نەتەوە یەكگرتووەكان دوو کیلۆ برنجی پێداوین. خێزانێكی حەوت كەسی چی لە دوو كیلۆ برنج بكات؟"
شارۆچكەی زەبەدانی كە بە دوایین قەڵای هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دادەنرێت و دەكەوێتە نزیك سنوورەكانی لوبنان، یەكێكە لەو ناوچە ستراتیجییانەی كە ساڵی رابردوو سەختترین پێكدادان تێیاندا روویدا.
رژێمی سووریا بە مەبەستی بڕینی ئەو رێگایەی لە لوبنانەوە یارمەتی پێدا دەهات بۆ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن، بۆردومانی چڕی شارۆچكەی زەبەدانی دەكرد و لەڕێگای وشكانی و ئاسمانییەوە گەمارۆی دابوو. ئەوەبوو خەڵكی شارۆچكەكە روویان لە ناحیەی مەزایا كرد و دانیشتوانی ناحیەكە لە 9 هەزارەوە بۆ 40 هەزار بەرزبووەوە.