Kosar OSMAN
14 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2015
کەشتییەکی سەربازیی رووسیا لە دەریای ئێجە فیشەکی ئاگاداریی بۆ بەلەمێکی ماسیگر تەقاند. لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی "رەوشی لیبیا" سەردانی رۆمای پایتەختی ئیتاڵیای کردبوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لەمبارەیەوە گوتی: "بەر لە ئێمە رووسیا روونکردنەوەی خۆی دا. گوایە فیشەکەکە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی بەلەمێکی ماسیگر تەقێنراوە. ئێمەیش دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە رووداوەکە دەکەین و چاومان بە ماسیگرەکە دەکەوێت، روونکردنەوەی خۆمانمان دەبێت".
چاوشۆغڵو هەروەها گوتی کە ئەوان لەگەڵ نانەوەی کیشە نین و بە شێوازێکی هێمنانە مامەڵە لەگەڵ ئەم رووداوە دەکەن و بەمجۆرە درێژەی بە قسەکانی دا: "دوای رووداوی فڕۆکەکە و دروستبوونی گرژییەکانی نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ هەنگاوەکانمان هەر بەمجۆرە دەبێت. ئێستایش شوێنی ماسیگرەکە دەستنیشانکراوە و بڕیارە چاومان پێی بکەوێت و لە زاری خۆیەوە رووداوەکە ببیستین".