ھەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی نیسان کە ھاوکاتە لەگەڵ بیست و حەوتەمین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفال رێوڕەسمێک لە شاری ھەولێر بۆ ئەم یادە سازکرا.
مەراسیمەکە لە لایەن پەیمانگەی پزیشکی دادوەری بە ھاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی ھەولێری پزیشکی بە چالاکی زانستی و ھونەری بەرز راگیرا. ھەروەھا لە مەراسیمەکەدا پێشانگایەکی فۆتوگرافی و ئاسەواری ئەنفال نمایش کرا.
لە کۆتایی سەدەی رابردوو زنجیرە تاوانێک لە لایەن رژێمی بەعس ئەنجامدرا کە دیارترینیان تاوانەکانی راگواستن و بە عەرەبکردن و بێسەروشوێنکردنی بەشێک لە کوردانی فەیلی و بارزانیەکان بوو ودواتر رژێمی بەعس بە ھەشت قۆناغ تاوانی ئەنفالی لە ساڵی ١٩٨٧ ئەنجامدا.
لە مەراسیمەکە نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی بۆ ئامادەبوان گوتی:" لە کوردستان یادەوەری خۆش و ناخۆشمان لە ئادار و نیسان دەکرێنەوە کە یادی ئەنفال یەکێکە لە یادە ناخۆشانە و دەبێت ھەمیشە بەرز رابگیرێت خەڵکی کوردستان کارەساتی زۆری بینیوە، ئەنفال یەکێک لەو کارەساتانەیە کە لاپەریەکی رەشە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا".
ھەروەھا گوتی: "ئێمە لەو رۆژەدا و بە بەرز راگرتنی ئەم یادە نابین بە دیلی مێژوو، چونکە ئەوا مێژوو بووە کە ئێستای دروست کردووە و دەبێت دەرسی لێ وەربگیرین".
دزەیی لە درێژی قسەکانیدا هەروەها گوتی: "ھێزەکانی تاریکی بەرۆکی خەڵکی کوردستان بەرنادەن ئەمڕۆ بە شێوازێکی درندانەتر روویان لە کوردستان کردووە و ئەوان دەیانەوێت ئەو دیموکراسیەتەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروست بووە لەناو بەرن، بەڵام پێشمەرگەی کوردستان لە جاران زیاتر و بە جۆشوخرۆشەوە بەرنگاری ئەوان بوونەتەوە و دەستکەوتەکانی خۆیانیان پاراستووە".
سەفین دزەیی دەشلێت: "ئەمڕۆ یەکێتی و یەکرێزی زیاتر پێویستە بۆ ناو ماڵی کورد و حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسی یەکەمە لە رووی ماددی و مەعنەوەی و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاری ئەنفالکراوان و لە ھەمان کاتدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی خۆی دەدات بۆ پێناساندنی کەیسی ئیزیدی و مەسیحییەکان بە بەجینوساید".