ههولێر: شوان سدیق
حزب و لایەنەكانی سیاسی، لەهەرێمی كوردستان، پرسی كەمكردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم دەهێننە بەرباس لە بەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەپێویستی دەزانن دەسەڵاتەكانی سەرۆك كەمبكرێتەوە.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005ی هەمواركراو دامەزراوە، لە هەڵبژاردنی 31ی كانوونی دووەمی 2005 مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا.
دواتر لەسەر پێشنیازی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەو حزبە مەسعود بارزانی پێشنیازكرا، كە سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن هاووڵاتییان بەهەڵبژاردن دیاری بكرێت، ئەو پێشنیازەش زۆرینەی پەرلەمانتاران دەنگیان بۆ دا.
لە هەڵبژاردنی 25.7.2009 چوار كەس خۆیان كاندیدكرد بۆ سەرۆكایەتی هەرێم لەنێوایاندا مەسعود بارزانی توانی سەدا حەفتای دەنگەكان مسۆگەر بكات و دووبارە بووە بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
بڕیاربوو لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمیش لەساڵی 2013 ئەنجام بدرێت، كەچی لە 30ی حوزەیرانی 2013 بەهۆی پرسی رەشنووسی دەستووری هەرێم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم لە 21.9.2013 لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام نەدراو بەپێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013 ویلایەتی مەسعود بارزانی لە 20.8.2013 بۆ دوو ساڵ درێژكرایەوە لە 20.8.2015 كۆتای دێت.
لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسا خاوەنی چەند دەسەڵاتێكە گرنگترینیان لەوانە سەركردەی هێزەكانی چەكدار، سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دەرەوە.
هەروەها دامەزراندنی دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی و بەخشینی روتبەری سەربازی و ئەفسەرانی هێزەكانی چەكدار لە هەرێم و ئاسایش پارێزەكان، لەگەڵ خانەنشین كردنیان.
بوونی ئەم دەسەڵاتانەی سەرۆك لە هەرێمی كوردستان، جگەلە لە (پ.د.ك) لایەنەكانی تر پێیانوایە سەرۆك دەسەڵاتی زۆرە ئەوەش پێچەوانەی سیستەمی پەرلەمانییە.
ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان، شێركۆ حەمە ئەمین، كە خاوەنی 24 كورسین، بە ئانادۆڵوی راگەیاند "ئێمە بەڕوون و راشكاوی گوتوومانە سیستەمێكی سەرۆكایەتمان دەوێت بۆ هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی حكوومەتی ناوەند بێت، لە عێراق ئیتر ئەم داوایە هیچ تەفسیرێكی تر هەڵناگرێت".
گوتیشی "لە بەغدا سەركۆمار لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی تەشریفاتیە ئەمەش بەپێچەوانەی هەرێمە بۆیە ئێمە ئەو سیستەمەی وەك عێراقمان دەوێت بۆ هەرێمی كوردستان".
ئەندامی فراكسیۆنی ی.ن.ك لە پەرلەمانی كوردستان، گۆران ئازاد كە حزبەكەی ئەوانیش خاوەنی 18 كورسی پەرلەمانین، بۆ ئانادۆڵو دەڵێت "ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە سیستەمێكی تێكەڵە لە پەرلەمانی و سەرۆكایەتی بەڵام ئێمە سەرۆكایەتمان ناوێت دەمانەوێت سیستەمەكە پەرلەمانی بێت لە هەرێمی كوردستان، واتە سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت".
گوتیشی "پڕۆژە یاسایەكمان پێشكەش بە پەرلەمان كردووە، بۆ ئەوەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی بكرێت".بەپێی پڕۆژەكەی فراكسیۆنی سەوز سیستەمەكە دەبێتەوە بە پەرلەمانی و سەرۆكیش لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.
گۆران ئازاد بۆ ئانادۆڵو دەڵێت: "لایەنی بەرامبەر بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوان گرفتیان لەسەرخودی پڕۆژەكە سەبارەت بە سەرۆكی هەرێم بوو كە دەیانویست لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت، بەپێی ئەو یاسایەش سەرۆكی هەرێم ناگرێتەوە چونكە دوو ویلایەتی خۆی تەواوكردوە، كە سەرۆكی هەرێمیش نەگرێتەوە، پێموانییە لایەنی بەرامبەر گرفتیان هەبێت".
ئەو لایەنەی كە تا ئێستا دژایەتی ئەو سیستەمە پەرلەمانییە دەكات، كە لایەنەكانی تر بەتایبەتی گۆڕان و یەكێتی داوای دەكەن، ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەم حزبە لەكۆی 100 كورسی پەرلەمان، خاوەن 38 كورسیە. نایەوێت ئەزموونی حكوومەتی ناوەند لە هەرێمی كوردستان دووبارە ببێتەوە.
ئەندامی فراكسیۆنی (پ.د.ك) ئامینە زكری لە لێدوانێك بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند "بەپێی یاسا دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دیاری كراوە، بەشێكی پرۆتۆكۆلین و بەشێكی تریشیان هەماهەنگن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زۆرجار باسی زۆری دەسەڵاتەكانی سەرۆك دەكەن، بەتایبەتی جوڵاندنی هێز ئەگەر سەیری یاساكان بكرێت، جوڵاندنی هێز پێویستی بە هەماهەنگیە لەگەڵ پەرلەمان، وەكو بڕیاری ناردنی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ سەرۆكی هەرێم داوای لەپەرلەمان كرد موڵەت بدرێت هێز بچێتە كۆبانێ دواتر لەلایەن پەرلەمان موڵەتی ناردنی هێز دەرچوو".
ئامینە گوتیشی "ئەگەر سەرۆك مەرجەعی سیاسی بێت، پێویستە هەندێ دەسەڵاتی هەبێت، ئەوەی جێی باسە لەئێستادا بۆچوونێك دروستبووە لەسەر دەستووری هەرێم بۆ دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمیش قابیلی گفتوگۆكردنە".
سەبارەت بەبۆچوونی فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتی كە پێیان باشە سەرۆكی هەرێم هاوتای سەركۆماری عێراق بكرێت تەنیا دەسەڵاتەكانی تەشریفاتی بێت و لە پەرلەمانیش هەڵبژێردرێت.
ئامینە زكری دەڵێت: "ئەمە كێشەی لە نێوان ئێمە و لایەنەكانی تر دروستكردووە، وەكو (پ.د.ك) پێمان باشە سەرۆكی هەرێم هاووڵاتییان بەهەڵبژاردن دیاری بكەن، نەك لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت، چونكە پێمانوایە ئەگەر سەرۆك هاووڵاتییان خۆیان دیاری بكەن، پرۆسەی دیموكراسی بەرەوپێشتر دەچێت".
ئامینە ئاماژەی بەوەشكرد "سیستەمی سیاسی لە كوردستان، پەرلەمانییە هەڵبژاردنی سەرۆكیش لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەو مانایە نییە كە سیستەمەكە سەرۆكایەتیە و پەرلەمانی نییە".
رۆژی دوو شەممە 13ی نیسان، پڕۆژە یاسای دەستووری هەرێمی كوردستان، لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا.
لە پرۆژەكەدا هاتووە، بۆ ماوەی 30 رۆژ لیژنەیەكی 21 كەسی پێكدەهێنرێت، لیژنەكەش كار دەكات، بۆ ئامادەكردن و هێنانە كایەی سازان بۆ پڕۆژەی دەستووری كوردستان.
سەبارەت بە تەواوكردنی كاری ئەو لیژنەیە پەرلەمانتار ئامینە زكری دەڵێت: "لە ماوەی چوارمانگ ئاسان نییە پرسی دەستووری هەرێمی كوردستان تەواو ببێت، ئەگەر تەواویش بێت زۆر باشە بەڵام ئاسان نییە بەلای ئێمەوە كات گرنگ نییە گرنگ ئەوەیە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور".
news_share_descriptionsubscription_contact

