Rewa Mahmut Hasan
22 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2015
واشنتۆن
یاریدەدری سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن رایگەیاند کە ئەو خۆی کاندید ناکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی٢٠١٦ ی وڵاتەکەی.
دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بوو پرسی کاندید بوون و نەبوونی بایدن ببووە رۆژەڤی زۆرێک لە ناوەندە میدیاییەکان، دواجار ناوبراو بڕیارەکەی خۆی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەیی هاوبەشدا ئاشکرا کرد.
بایدن ئاماژەی بەوەدا کە لەمانگی ئایاردا کوڕەکەی بەناوی بیاو بایدن لەدەست داوە و بەهۆی گێرانی ماتەمی ناوبراوەوە و لە دۆخێکی وەهادا ناتوانێت بەشداری بکات لە کەشوهەوای هەڵبژاردندا.
بایدن ئاشکرای کرد کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بە قۆناغێکی ناخۆشدا تێپەڕ دەبن و هەر بۆیە پەنجەرەی بەشداری کردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا داخراوە بە لای ئەوانەوە.
بیاو بایدنی کوڕی جۆ بایدن لە ئایاری ئەمساڵدا لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا بەهۆی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد، لەسەرەتای مانگی ئەیلولدا بایدن ئاماژەی بەوەدابوو لە پرسی هەڵبژاردندا لەگەڵ خێزانەکەیدا بڕیار دەدات نەک بەتەنیا.
جۆ بایدن لە ١٩٨٨ و لە ٢٠٠٨ یشدا ببووە کاندیدی کاندید، لە کێبرکێی ١٩٨٨ دا بەهۆی ئەوەی کە گوتەی سیاسییەکی بەریتانی بەکارهێنابووەوە، ناچار بوو دوای ئاشکرابوونی بکشێتەوە و لە ٢٠٠٨ یشدا لەگەڵ ئۆبامادا لە کێبرکێدابوو بەهۆی کەمی دەنگی پێش هەڵبژاردنەوە چەند رۆژێک پێش کاندید بوونی کشایەوە.