واشنتۆن
بەگوێرەی بەیاننامەیەكی كۆشكی سپی كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو كەوتووە، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا جۆ بایدن لە رێگای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی پابەندبوونی وڵاتەكەی بە رێككەوتنی ستراتیجی نێوان هەردوولا دووپاتكردووەتەوە.
هەروەها بایدن و عەبادی باسیان لە پرۆسەی رزگاركردنەوەی هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و ئەنبار كردووە و هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردوولایان بەباشی تاوتوێكردووە.
بە گوێرەی بەیاننامەكە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بە سەرۆك وەزیرانی عێراقی راگەیاندووە: "هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق لە چوارچێوەی پابەندبوونیان بە رێككەوتنی ستراتیجییەوە دێت، كە لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەمەریكا و عێراق واژۆیان كردبوو".
هاوكات بایدن و عەبادی جەختییان لە سەر پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ هاریكاری و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان حكوومەتی عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان لەشەڕی دژ بە داعش كردۆتەوە.