قەیسەری
وەزیری وزە و دەرامەتی سروشتی توركیا تانەر یڵدز لە بارەی بەرز بوونەوەی نرخی نەوت گوتی: "پشكی یەمەن لەسەر ئاستی جیهانی بۆ بەرهەم هێنانی نەوت دوو لەسەر هەزارە و ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە ئەو رێژەیە رێژەیەكی زۆر نییە بەڵام یەمەن رێگای ترانزیتی نەوتی سعوودیەیە كە یەك لە وڵاتانی گەورەی هەناردەكاری نەوتی جیهانە بۆیە ئەمەیش كاریگەری دروستكردووە لەسەر نرخی نەوت بە رێژەی سەدا پێنج".
یڵدز لە میانی بەشداری كردنی لە باڵاخانەی نوێ خزمەتگوزاری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە شاری قەیسەریدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی لە بارەی قەیرانی یەمەن و كاریگەرییەكانی لەسەر وزە دایەوە.
یڵدز گوتی: "رێژەی وەبەرهێنانی نەوتی یەمەن لەسەر ئاستی جیهانی دوو لەسەر هەزارە و ئەمەیش رێژەیەكی زۆر گرنگ نییە، بەڵام یەمەن رێگای ترانزیتی نەوتی سعوودیەیە كە یەك لە وڵاتانی گەورەی هەناردەكاری نەوتە لە جیهان و بگرە رێگای ترانزیتی ئەو نەوتەشە كە لە بەسرەوە بەرەو رۆژئاوا بەڕێ دەكەوێت بۆیە ئەمەیش وای كردووە كە قەیرانەكەی یەمەن بە رێژەی سەدا پێنج كاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەبێت. هەمیشە گوتوومانە ئەمە تەنیا لە چوارچێوەی پرسێكی تەكنیكیدا دەردەكەوێت بەڵام پرسی دەركەوتنی نائارامی لە بواری خواست و خستنەڕووی نەوت یان روانە كردنی نەوت بۆ بازاڕ وەكو پرسی نائارامی سەر هەڵدەدات. حاڵی حازر لە یەمەنیش بارودۆخەكە بەو جۆرەیە. بێگۆمان شەڕی مەزهەبی نێوان موسوڵمانان نەتەنیا لە بواری ئابووریدا نییە بەڵكو لە بواری سیاسیشدا برینێكی كۆمەڵایەتییە كە دەكولێتەوە، بۆیە ئاواتە خوازین بەپەلە كۆتایی بەو جۆرە ناكۆكییانە بهێنرێت".