ئیستانبوڵ
ھاوسەرۆكی گشتی پارتی دیمۆكراتی گەلان سەڵاحەدین دەمیرتاش پێش كۆبوونەوەی لەگەڵ رێكخراوەكانی رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵاتی توركیا وڵامی پرسیارەكانی رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێك لەبارەی پەیامی ئۆجەلان کە لە جەژنی نەورۆزدا بڵاو کرایەوە، دەمیرتاش بەم شێوازە ھەڵسەنگاندنی بۆ پەیامەكە كرد و گوتی: "ئەگەر ئێمە وەكو پەرلەمانتار ئەركەكانی سەرشانی خۆمان بەتەواوی جێبەجی بكەین لە بەرامبەر بانگەوازی ئۆجەلان بۆ چەکدانان، دەبێ ئێمەش وەكو پارتەکانی سیاسی نێو پەرلەمان ھەنگاوی گرنگ بۆ بەدیھێنانی دیموكراسی هەڵبنێین. ئەوكات ئەمە لە سوودی ھەموو توركیا دەبێت. ئەگەر كار لەسەر ئەم پرۆسەیە بكرێت، توركیا ھەم لە بواری ئاشتی و ھەم لە بواری دەربڕینی ئازادی دەگاتە قۆناخێكی باش".
ھەروەھا دەمیرتاش دیاری كرد كە تاكە ئامانجیان راوەستاندنی پارتی داد و گەشەپێدان نییە بەڵام لە ناوبردنی عەقڵییەتی تاكڕەوییە لە ھەڵبژاردنەكانی حەوتی حوزەیران. ناوبراو بانگەشەی ئەوەشی کرد کە كۆتایی بە ھەموو خەونەكانی دەسەڵاتی تاکڕەوی دەهێنن.
دەمیرتاش بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیان كە ئامانجیان فرۆشتنی خەیاڵ و خەون نییە و گوتی: "پارتەکانی سیاسی پێشتر ئەمەیان زۆر كرد. ئێستا دەرفەتی زۆر باش بۆ بەدیھێنانی دیموكراسیی هەڵکەوتووە، دەبێ ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەین و ئەو دەنگانەی لە حەوتی حوزەیران دەدرێت، خزمەتی ئەم مەبەستە دەكا".