ئیستانبوڵ
بەمەبەستی تاوتوێكردنی پرۆسەی چارەسەری لە توركیا شاندی حكوومەتی ئەنقەر كە پێكھاتبوو لە جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا یڵچن ئاكدۆغان، وەزیری ناوخۆی توركیا ئێفكان ئالا، ھەروەھا شاندی ھەدەپە پێكھاتبوو لە پەرلەمانتاران سیڕی سورەییا ئۆندەر، پەروین بوڵدان و ئیدریس بەڵوكەن لە كۆشكی دۆڵمە باخچە لە ئیستانبوڵ كۆبوونەوە.
دوای دیداری نێوانیان ھەریەك لە ئۆندەر و ئاكدۆغان روونكردنەوەیەكیان پێشكەش كرد.
ئۆندەر گوتی: "لە سەرتاوە تا رۆژی ئێستامان ئەو كێشەیە پەیوەندی بە گەڕانەوەی دەوڵەت بۆ ئەو پرسە ھەیە، تاوەكو ئەمڕۆ حكوومەت ئەو پرسەی كردووەتە قوربانی بۆ ھێشتنەوەی دەسەڵاتی تاكڕەوی، بۆیە ئەگەر چارەسەری بەشێوەیەكی تەندروست و ئاشتی و دیموكراسی نەگیرێتەبەر ئەوا ناتوانرێت بیر لە یاسا، ماف، یەكسانی بكرێتەوە، بۆیە پێویستە كۆماری وڵات مافی یەكسانی و ئازادی بۆ سەرجەم ئەو لایەنانە بگەڕێنێتەوە كە بە درێژایی مێژوو زەوتی كردووە، ھەورەھا پێویستە بیاناسێت و لە سیستمی وڵاتدا شوێنیان بكاتەوە".
پێشنیازی ئۆجەلان
پەرلەمانتاری ھەدەپە ئۆندەر لە گوتەكانی پێشنیازی ئۆجەلانی بۆ رای گشتی خوێندەوە كە باس لە دانانی چەك لە پەكەكە دەكات، ھەروەھا لە وەرزی بەھاریشدا بەرەو كۆنگرەی گەورە بچن و گوتی: "لە ژێر رۆشنایی سەرجەم ئەو گۆڕانكاریانە ھەندێك كات تەگەرە و شكست روودەدەن، قۆناغی دیالۆگ و وێنەی جددیەتی پرۆسەكە گەشتووەتە قۆناغێك".
پێشنیازی ئۆجەلان بۆ خاڵی ئێستای پرۆسەكە لە لایەن سیڕی سورەییا ئۆندەرەوە خوێندرایەوە كە تیایدا ھاتووە: "ئامانجی سەرەكی لەم پرۆسەیە كۆتایھێنانە بە شەڕی ٣٠ ساڵە و گەیاندنی بە چارەسەری دیموكراتیانە، بانگھێشتی پەكەكە دەكەم كە لە وەرزی بەھاردا بەرەو كۆنگرە بڕۆن بۆ بڕیاردان لەسەر خاڵێكی ستراتیجی مێژوویی، لەسەر بنەمای بەرخۆدانی چەكداری بۆ بەدەست ھێنانی بچووكرتین خاڵی ھاوبەش، ئەو بانگھێشتە بۆ شوێن گرتنەوەی سیاسەتی دیموكراسیە لە شوێن بەرخۆدانی چەك و سەرھەڵدانێكی مێژوویی دەبێت".
لە ناوەڕۆكی پێشنیازەكەیدا ئۆجەلان ١٠ خاڵی بۆ دیموكراسی راستەقینە و ئاشتی گەلان نوسیووە كە لە لایەن ئۆندەرەوە خوێنرایەوەوە لەوانە:
١- ناسین و ناوەڕۆكی سیاسەتی دیموكراتی.
٢- ناسینی چارەسەری دیموكراتی نەتەوەیی و بەشە ناوخۆییەكانی.
٣- پارێزگاری لە مافە دیموكراسیی ئازادی و یاساییەكانی ھاووڵاتیان.
٤- بەرێكخراوەیی كردنی سیاسەتی دیموكراتی و پەیوەندی دەوڵەت بە كۆمەڵگە.
٥- لایەنی ئابووری كۆمەڵگە بۆ پرۆسەی چارەسەری.
٦- گفتوگۆكردن لەبارەی پارێزگاریكردن لە ئازادی و پەیوەندییەكانی كۆمەڵگە و چاككردنی دامەزراوەكان لە پرۆسەی چارەسەری.
٧- پارێزگاریكردن و چارەسەری یاسایی بۆ كێشەی ژنان، كلتوور و ئێكۆلۆجی.
٨- بەرفراوانكردنی ناسنامە و ناسینی بە گەڕانەوە بۆ زۆرینە لە سەر بنەمای تێگەیشتنی دیموكراتی.
٩- ناسینی كۆماری دیموكراتی و نیشتمانێكی ھاوبەش لەسەر ئاستی نەتەوەیی دیموكراتی، ھەروەھا لە چوارچێوەی سیستمی یاسایی و پارێزگاریكردنی لە نێو دەستوور.
١٠- دەستوورێك بۆ سەرجەم ئەو ھەوڵە دیموكراتیانە.
پەرلەمانتاری ھەدەپە سیڕی سورەییا ئۆندەر لە كۆتایی گوتەكانی رایگەیاند: "بێدەنگ بوونی چەك و نەمانی پێكدادان بە دڵنیاییەوە پێویستە بۆ ئەوەی گۆڕانكارییە مێژووییەكان ھەنگاوی بۆ بندرێت، ئێمەش وەك شاندی ھەدەپە بانگەواز بۆ سەرجەم لایەنە جیاوازەكان دەكەین ئەوانەی پشتیوانی لە ئاشتی دەكەن لەم خاڵەدا ھێز بە دیدارەكان و پرۆسەی چارەسەری بدەن، دەمانەوێت ئەوە بڵێن كە لە جاران زیاتر لە ئاشتییەوە نزیكین، سڵاو لە سەرجەم ئەوانە دەكەین كەھێزیان بەخشیووە بە دیموكراسی و ئەوانەی بۆ لە مەودواش ھێزی پێدە بەخش".