ئیستانبوڵ
یاڵچن ئاكدۆغان، جێگری سەرۆك وەزیران و ئەفكان ئاڵا، وەزیری ناوخۆی توركیا لە نووسینگەی سەرۆكایەتی وەزیران لە دۆڵمەباهچە لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی فراكسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا پەروین بوڵدان و ئیدریس باڵوكەن و ئەندام پەرلەمانی شاری ئیستانبوڵی هەدەپە سڕی سورەیا ئۆندەر كۆبوونەوە.
دوای بەدوای كۆبوونەوەكە، یاڵچن ئاكدۆغان لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد، كە لە قۆناغی چارەسەریدا گەیشتوون بە ئاستێكی گرنگ و گوتی: شاندی هەدەپە دوێنێ چوونەتە ئیمراڵی و كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە.
ئاكدۆغان ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەنجوومەنی قۆناغی چارەسەری بە سەرۆكایەتی ئەحمەد داودئۆغڵوی سەرۆك وەزیران تاوتوێی تەواوی رەهەندەكانی ئەو ئاستەی كردووە كە قۆناغەكەی پێ گەیشتووە و گوتی: روونكردنەوە بە گرنگ دەزانین لە بارەی دانانی چەك بە ئاراستەی خێرا كردنی كارەكانمان، بەتەواوی مانا؛ دەستەبەركردنی چالاكی بێ چەك و كاركردن بە سیاسەتی دیموكراسی.
ئاكدۆغان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە وەك دەسەڵاتی ئاك پارتی ماوەی 12 ساڵە هەنگاو دەنێن بە نیەتی شۆڕشی بێدەنگ بۆ ئەوەی ئەو خوێن رشتن بوەستێت و دایكان نەگرین. بۆ ئەمەش دیموكراسی گەیشتۆتە ئاستێك كە بتوانرێت باس لە كێشەكان بكرێت، توانا و هەل بۆ رێگەچارەكان دەستەبەربكرێت. گوتیشی: "ئاشكرایە پێویستە تەواوی بەشەكانی كۆمەڵگا، پارتە سیاسیەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەست لەناو دەست كار بكەن بۆ ئەوەی دیموكراسیمان زیاتر بەرە و پیش بچێت. وەلاوەنانی چەكەكان گڕوتین دەبەخشێتە هەوڵەكانی پێشخستنی دیموكراسی. ماوەی چەندین ساڵە باس لە سەردێری بەشێك لە بابەتەكان دەكەین و تاوتوێیان دەكەین. لەمەودواش پێویستە بە متمانە و باوەڕ بەخۆبوونەوە باس لە بابەتەكان بكەین و تاوتوێیان بكەین بێ گەڕانەوە. لە راستیدا شتێك نەماوە قسەمان لەسەر نەكردبێت. لە دیموكراسیدا ئەوەی بیروبۆچوون و سیاسەتەی پشتیوانی گەل بەدەست دەهێنیت سەردەكەوێت. ئێمەش بە نزای گەلەكەمان و پشتیوانیەكەی سوورین لەسەر بە ئەنجام گەیاندنی قۆناغەكە بە كۆتایی. دەستووری نوێش بە هەلێك دەبینین بۆ چارەسەر كردنی زۆرێك لە كێشە بنەڕەتی و درێژ خایەنەكان."
گوتیشی: "وەك بەڕێز سەركۆمار ئاماژەی پێ كرد، جێبەجێ كردنی قۆناغەكە گرنگی خۆی هەیە. وەك تێكەڵبوونی گۆشت و خوێن هاتنە ئارای پێشهاتی جددی گرنگە. لەو چوارچێوەیەشدا خۆ كردنە خاوەنی قۆناغەكە بە نیەتی باش و پێداگری لەسەر بەرێوەچوونی، هەروەها هاوكار بوونی گشت چین و توێژ و لایەنەكان قورسی و سەختیەكانی قۆناغەكە ئاسان دەكەن. ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر دۆزینەوەی رێگاچارەی دیموكراسی بۆ كیشەكان و یەكگرتن و بەهێزبوون لەبری بەش بوون و جیابوونەوە. زیاتر بەرەوپێشبردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتیەكان، رەخساندنی دۆخێكی برایەتی تەنیا بە هاوكاری گشت لایەك دەكرێت. ئەوەش ئینتیمای هاووڵاتیەكانمان زیاتر بەرەوپێش دەبات".
جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا ئاكدۆغان ئاماژەی بەوەش كرد، كە چارەسەر كردنی كێشە بنەڕەتیەكان، توركیا لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی دەكاتە هێزێكی دیار، گوتیشی "قۆناغی چارەسەری قۆناغێكی قورس و دژوارە، بە شەو ڕۆژێك تەواو نابێت، بەڵام لەو باوەڕەداین كە بە دڵسۆزی و بوێری و سووربن لەسەری دەگەین بە ئەنجام. وەك هەمیشە دەیڵێینەوە"ئێمە پێكەوە توركیاین" و "هەموو شتیك لە پێناو توركیادا".