وان
ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاری ئێرانی كە پشووی جەژنی رەمەزانیان كردووە بە دەرفەت، شاری وان-یان لەبەر شوێنەوارەكانی مێژوویی و گەشتیاری هەڵبژاردووە.
ئێرانییەكان كە بوونەتە هۆی قەرەباڵخ بوونی شەقام و كۆڵانەكان و بەتایبەتیش مۆڵەكان و ناوەندەكانی بازاڕكردن، خەندەیان خستەوە سەر لێوی دووكانداران كە بەهۆی جەژنەوە بازاڕیان رووی لە كزی كردبوو.
ئەو گەشتیارانەی ئێران كە دەیانویست پشووەكانیان لەسەر دەریای سپی، كەناراوەكانی دەریای ئێجە یان ئیستانبوڵ بەسەربەرن و ئەوانەش كە دەیانویستی لە گەورە شارەكانی وەك ئەنقەرە بازاڕ بكەن، ئۆتۆمبیلەكانیان لە پاركی فڕۆكەخانەی فەریت مەلەن پارك كرد و بە فڕۆكە بۆ ئەو شارانە فڕین. ئەوانەش كە پێیان باش بوو لە وان بمێننەوە، بوونە هۆی دروستبوونی جموجۆڵ لە ناوەندی شارەكەدا.
ئێرانییەكان كە لە رۆژی پێش جەژن دەستیان بە هاتن بۆ وان كردووە، پشووی جەژن لە ناوەندی شارەكە بەسەردەبەن و هەندێكیان حەزیان لێیە لە كەناراوەكانی دەریاچەی وان كاتەكانیان بەسەربەرن.
دووكاندارانی وان كە بەهۆی بازاڕكردنی هاووڵاتییانی شارەكەوە لەپێش جەژندا سەریان زۆر قاڵ بوو، بەهۆی بازاڕكردنی گەشتیارانی ئێرانی یەكێك لە گەرمترین قۆناغەكانی بازاڕكردن تێدەپەڕێنن.
دووكاندارەكان بەمەبەستی ئەوەی گەشتیاران كاتێكی باشتر بەڕێ بكەن، لە جەژنیشدا بەردەوامن لە خزمەتكردن. ئەو سەرقاڵییەیان كە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا دەست پێكرد بەهۆی هاتنی گەشتیارانی ئێرانییەوە بەردەوام بوو.
یەكێك لە لێپرسراوانی كۆمپانیایەكی گواستنەوەی پاس كە لە ناوەندی شارەكە خزمەتەكانیان پێشكەش دەكەن بە ناوی ئەحمەد ئارتار، ئاماژەی بەوەكرد بە رۆژ زۆر سەریان قاڵە و گوتی: " نزیكەی ١٠ هەزار گەشتیاری ئێرانی لە شاری وانە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دووكاندارانی وان جەژنی دووەمیان بێت. ئەو گەشتیارانە كە بەمەبەستی بەسەربردنی سێ رۆژی پشووی جەژنی رەمەزان لێرەن، بەو بازاڕەی كە دەیكەن خەندەیان خستووەتە سەر لێوی دووكاندارەكان''.