ههولێر
سەرۆك فراكسیۆنەكان، لە پەرلەمانی كوردستان، چوارەم دانیشتنیان لەبارەی پرسی یەكلایكردنەوەی پێكهێنانی ئەندامانی لیژنەی پێداچوونەوە و سازان لەسەر رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان ئەنجامدا.
پاش دوو سەعات لە كۆبوونەوە، سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارتی، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتی، كۆمەڵ و یەكگرتوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازانی فراكسیۆنەكانیان لەبارەی پێكهێنانی لیژنەی پێداچوونەوە و سازان لەسەر رەشنووسی دەستووری هەرێمی هەرێمی كوردستان خستەڕوو.
لیژنەكە 21 كەسە بەپێی ئەو خشتەیە كە پێنج فراكسیۆنەكە لە پەرلەمانی كوردستان، خستیانەڕوو "پارتی، حەوت. گۆڕان، پێنج. یەكێتی، سێ. یەكگرتوو، دوو. كۆمەڵ یەك" كورسی.
هەروەها بەهەر چوار فراكسیۆنەكەی دیكە "شیوعی. سۆشیالیست، ئاراستەی سێیەم، بزووتنەوەی ئیسلامی" یەك ئەندام و بۆ هەر یەكە لەفراكسیۆنەكانی توركمان و كلد و ئاشووریش ئەندامێك.
دابەشكردنی ئەندامانی لیژنەكە بەپێی بنەمای سانت لیگۆ بووە، پێشتر لەناو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بۆچوونی جیاواز هەبوو فراكسیۆنی پارتی پێداگیری دەكرد كە پێویستە چوار فراكسیۆنەكەی دیكە شیوعی. بزووتنەوە. ئاراستەی سێیەم و سۆشیالیست هەر یەكەیان و كورسیەك وەربگرن.
سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد ئومێد خۆشناو رایگەیاند: "ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەم خشتەیە كە ژمارەی ئەندامان دابەشكراوە، ناڕازی نین، هەروەها لەگەڵیشی نین، چونكە دەبوو هەموو فراكسیۆنەكان ئەندامیان لەو لیژنەیە هەبوایە بەڵام پێمانوایە دەبێ سازان و رێككەوتن هەبێت لەسەر هەموو بابەتەكان، بۆ ئەوەی پرسی دەستوور كاری لەسەر بكرێت".
لەلای خۆیەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز بێگەرد دڵشاد دەڵێت: "ئەوە رێككەوتنی فراكسیۆنەكانە هەموو لایەكمان بەپێی پێگەی خۆمان ئەنداممان بەركەوتووە لەو لیژنە دەستووریە چوار حزبەكەش ئەگەر بەتاك مامەڵەمان لەگەڵ بكردبان یەك كورسیان بەرنەدەكەوت، بەڵام بە چوار ئەندام مامەڵەیان لەگەڵ كراوە و كورسیەكیان بەركەوتووە".
گوتیشی: "ئەمە دواین كۆبوونەوەیە ئومێد دەكەین بەزووترین كات هەموو فراكسیۆنەكان، ناوی ئەندامەكان پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی متمانەیان پێبدرێت، لە پەرلەمانی كوردستان".
وەك لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی سەرۆكی پێنج فراكسیۆنەكەی پەرلەمانی كوردستان، دەردەكەوێت ئەندامانی لیژنەكە دیاری كراوە، بەڵام فراكسیۆنەكانی شیوعی، سۆشیالیست، بزووتنەوە، ئاراستەی سێیەم بۆچوونیان جیاوازە.
سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمان، شوان قەڵادزەیی بە ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەگەر بزووتنەوەی ئیسلامی ئەندامی نەبێت لەو لیژنە 21 كەسیە ئەوا غەدرێكی گەورەی لێ كراوە".
هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی شیوعی عەبدلرەحمان فارس دەڵێت: "ئەوەی پێنج فراكسیۆنەكە گوتیان رێككەوتن كراوە، ئەمە وانییە هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، كە ئەوان بێن لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی خشتنەی ئەندامانی لیژنە دەستووریەكە بڵاو بكەنەوە، بەمافی خۆمانی دەزانین ئەنداممان هەبێت لەو لیژنەیە".
لەمانگی نیسانی رابردوو پرۆژە یاسای پێداچوونەوە و سازان لەسەر رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان، لە پەرلەمان دەرچوو بەپێی ئەو پرۆژەیە دەبێت لیژنەیەكی 21 كەسی بۆ دەستووری هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە دروستبكرێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە پەرلەمان ئەبوبەكر هەڵەدەنی بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئیرادەیەك دەبینم لەلایەن لایەنە سیاسییەكان، بۆ سازان لەسەر دەستووری هەرێمی كوردستان، ئەولەویەتیك هەیە كە لەم هەموو لایەنانە كار لەسەر پرۆژەی دەستوور بكەین، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیك ببینە خاوەنی دەستوور ئومێد دەكەین لە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان، ئەم رێككەوتنە بخرێتە بەرنامەی كار بۆ ئەوەی لیژنەكە دەست بەكاربێت".