ههولێر
ئەمرۆ یادی بیست و حەوت ساڵەی كیمیابارانكردنی ناوچەی گۆپتەپە و عەسكەر بە ئامادەبوونی هاووڵاتییانی ناوچەكە و بەرپرسانی حكوومی و حزبی بەڕێوەچوو.
یادەكە لە گۆرستانی شەهیدان لە گۆپتەپە بەرێوەچوو، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم، مەحموود حاجی صالح رایگەیاند "لە یادی كیمیابارانكردنی گۆپتەبە و عەسكەر و گوندەكانی ئەو سنووە، بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان سەری رێز لە ئاست گەورەیی شەهیدان دادەنوێنین، بۆردومانكردنی ئەو ناوچەیە لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە دڕندانەتیە هات كە رژێمی لەناوچوو دوای ئەنجامدانی پرۆسەكانی ئەنفال بۆ بەدی هێنانی سیاسەتی قڕكردن و لەناوبردنی گەلی كوردستان جێبەجێی كرد".
گوتیشی: "لەم سنوورە خۆڕاگرە رژێمی لەناوچوو چەكی قەدەغەكراوی كیمیاوی لە دوای بەكارهێنانی لە بالیسان و دۆڵی خۆشناوەتی و هەڵەبجەو سێوسێنان و چەندان ناوچەی دیكە بەكارهێنا و ژمارەیەك هاولۆاتی شەهید بوون و ژمارەیەكیش بریندار بوون، كە هەندێكیان ئێستاش بەهۆی كاریگەری ئەم چەكانە دەنالێنن".
وەزیری كاروباری شەهیدانی هەرێمی كوردستان، جەختی لەقسەكانی كردەوە، لەو بۆنەیەدا سووربوونی "خۆمان بۆ زیاتر خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە رێگای كاركردن و داڕشتنەوەی یاسای ماف و ئمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان درێخی ناكەین لە دابینكردنی سەرجەمی مافەكانیان و گوتی: "دەمەوێت، لیرەدا ئاماژە بەوەبدەم، كە حكوومەتی هەرێم، دوای هەوڵی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر دابینكردنی مووچەی مانگانە بۆ 391 لە بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی تاكو پێداویستی خۆیان لە دەرمان و پێداویستی خۆیانی پێدابین بكەن".
مەحموود حاجی ساڵح گوتیشی: "سێ رۆژ بەر لە ئێستا دوای تەئكید كردنەوەی زۆرمان بۆ چارەسەركردنی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی و توانرا قۆناغی 29ی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی رەوانەی دەرەوەی هەرێم بكەین، كە ژمارەیان، سیی و حەوت كەسن، هیوادارین بتوانین زیاتر چارەسەری بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی بكەین".
هەر لەو مەراسیمە چالاكی هونەری ئەنجامدرا، پاشان كەسوكاری شەهیدان داوایان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كرد كە پێویستە بڕیاری دادگای باڵای تاوانی عێراقی جێبەجێ بكرێت، كە تۆمەتبارانی ئەنفال بەسزای یاسای بگەن.