دیاربهکر
وەزیری گەشەپێدانی توركیا جەودەت یڵماز رایگەیاند: ''وەكو حكوومەت لەهەردەرفەتێكدا كە دێتە بەردەممان سووربوونی خۆمان لەسەر پرۆسەی چارەسەریی دووپاتدەكەینەوە، پشتیوان بە خوا ئەو پرۆسەیە تا خاڵی كۆتایی دەبەین و ئینشائەڵڵا ئەو رۆژە رەشانە دووبارە نابنەوە و رۆژانی زۆر گەش چاوەڕێمان دەكات''.
یڵماز لە شارۆچكەی یەنیشەهیری سەر بە پارێزگای دیاربەكر لە وتەیەكدا لە كاتی كردنەوەی نووسینگەی هەڵبژاردنی ئاك پارتی ئاماژەی بەوە كرد ئەو باوەڕی وایە پرۆسەی چارەسەری كاریگەری ئەرێنی لەسەر گەشەكردنی دیاربەكر دەبێت و رایگەیاند: ''بەبێ خۆشبەختی و ئاسایش هیچ شتێك درووست نابێت، نە تامی ژیان دەمێنێت و نە وەبەرهێنانی ئابووری دەكرێت. هەرلەبەرئەمەش پرۆسەی چارەسەریی بۆ ئێمە پرۆسەیەكی زۆر گرنگە و وەكو حكوومەت لەهەموو دەرفەتێكدا كە دێتە بەردەممان سووربوونی خۆمان لەو بارەیە دووپات دەكەینەوە. ئینشائەڵڵا ئەو پرۆسەیە تا كۆتایی دەبەین و بەپشتیوانی خوا ئەو رۆژە رەشانە دووبارە نابنەوە و رۆژانی زۆر گەش چاوەڕێمان دەكات''.
یڵماز جەختی لەوەشكردەوە كە پێویستە جارێكی دیكە بەها مێژوویی و كولتووری و مەعنەوییەكانی شارەكە وەبیر بهێنرێتەوە و ئەوان بۆ زیندووكردنەوەی ئەو بەهایانە تێدەكۆشن و گوتی: ''گەورەترین چاكەیەك كە بەرامبەر دیاربەكر دەیكەین ئەوەیە كە رابردووی دیاربەكر بەبیردێنینەوە، پێویستە مێژووی شارەكە بەباشی فێر بین بۆ ئەوەی داهاتووەكەی بەشێوەیەكی تەندروست بنیات بنێین، ئەو دیاربەكریەی خۆی لە رابردووی شارەكەی دادەبڕێت بێ نرخ دەبێت و ئەدەبیات و عورفی خۆی لەدەست دەدات''.