Enes Duran,Mertkan Oruç,Heman Hussein Yaseen
12 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2024
هەولێر - AA
جێگری سەرکۆماری تورکیا، جەودەت یڵماز بووە میوانی مێزی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو و لەبارەی پرسەکانی پەیوەندیدار بە ڕۆژەڤەوە وەڵامی پرسیارەکان دایەوە.
لە سەرەتای قسەکانیدا، جێگری سەرکۆماری تورکیا، جەودەت یڵماز لەبارەی دۆسیەی نارین-ی تەمەن ھەشت ساڵ کە دوای ١٩ ڕۆژ لە ونبوونی، دووشەممەی ئەم ھەفتەیە تەرمەکەی دۆزرایەوە، گوتی: "تێوەگلاوانی دۆسیەکە ئەوەی شایەنیان بێت لە ھەرچەشنە سزایەک ئەوا بەسەریاندا دەسەپێندرێت.سەرکۆمارمان لەنزیکەوە چاودێری بابەتەکە دەکات".
ھەروەھا جێگری سەرکۆمار، یڵماز تیشکی خستە سەر ئامانجەکانییان لە پڕۆگرامی ئابووری و ڕایگەیاند: "سەرەکیترین ئامانجمان لە پرۆگرامی ئابووری مامناوەند، جێگیرکردنی ھەڵاوسانە لە ئاستی تاکخانەیی و جێگیرکردنی نرخەکان، دەمانەوێت ھەموو لایەک لە بەرەکەتی گەشەکردنی ئابوورییدا سوودمەندبن. بە تایبەتی ناوچەکانی بوومەلەرزە لێدراو کە باریان سووک بکەین و ئەوانە لە پێشینەی کارەکانمان دەبن".
جەودەت یڵماز گوتیشی: "لە ڕاستیدا نابێت بۆ چینەکانی خاوەنی داھاتی بەرز سوبساید (یارمەتییەکانی حکوومەت) دابین بکرێت. لە جیاتی ئەوان چینەکانی ھەژار و مامناوەند پێویستە باریان سووک بکرێت".
لەبارەی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵیشەوە، جەودەت یڵماز گوتی: "وەک کەرتی ستراتیژی کشتوکاڵ، ھەڵسەنگاندنمان دەبێت و بە پێی بنەماکانی پلانی بەرھەمھێنان دەجوڵێینەوە. بەھێزەوە بەردەوام دەبین لەسەر پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵی".
لەبارەی کوشتنی چالاکوانی تورک ئایشێنوور ئەزگی کە ھەفتەی ڕابردوو بەھۆی دەستڕێژی گوللەی سەربازانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو، گوللەیەک بەر سەری کەوت و کوژرا، جێگری سەرکۆماری تورکیا، جەودەت یڵماز گوتی: "سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەنقەرە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی یاسایی ناوخۆیی، دەستی بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە کردووە".