Mehmet Tosun
10 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2023
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرکۆماری تورکیا، فوئاد ئۆکتای رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکانی تورکیاوە تا ئێستا ١٧ هەزار و ٦٧٤کەس گیانی لەدەستداوە.
ئۆکتای لە ناوەندی هەماهەنگیی ئافاد لێدوانی سەبارەت بە بوومەلەرزەکانی تورکیا دا کە ناوەندەکانیان شارۆچکەکانی پازارجک و ئەلبیستان سەر بە پارێزگای مەڕەش بوو.
جێگری سەرکۆماری تورکیا سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد هەوڵیان داوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە هاتەپێشەوە، ئاماژەی بەوەش دا کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٢١ هاووڵاتیی لە ژێر داروپەردوودا رزگار کراون.
بە ئاماژەدان بەوەی ئەو کەسانە لە ئەنجامی هەوڵەکانی تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن رزگار کراون، ئۆکتای ئەوەی خستەڕوو کە رزگارکردنی هازال-ی تەمەن پێنج ساڵ و دایکی لە هاتای، ئارامی بە دڵەکان بەخشی.
فوئاد ئۆکتای ئاماژەی بەوەش دا کە لە ئێستادا ٢٩ هەزار و ٦٢٢ تیمی گەڕان و رزگارکردن لە گۆڕەپانەکەدان، رایگەیاند کە ئەوان سەرنجیان لەسەر گوندەکانە و چالاکییەکانیان کۆتایی نایەت تا نەگەنە هەر گوندێک.
ئەوەشی خستەڕوو کە شەش هەزار و ٤٧٩ لەو تیمانەی گەڕان و رزگارکرن لە وڵاتانی جیاوازەوە هاتوون و سوپاسی ئەو ٧٥ وڵاتەی کرد کە تیمەکانیان بۆ تورکیا ناردووە.
جێگری سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "بەداخەوە تا ئێستا ١٧ هەزار و ٦٧٤ هاووڵاتییمان گیانیان لەدەستداوە. جارێکی دیکە بۆ هەریەکێکیان داوای رەحمەت لە خودا دەکەم، جێگایان بەهەشت بێت. پرسە و سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاریان و گەلەکەمان دەکەم. خودا ئارامیمان پێ ببەخشێت. ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەمان کە رزگارکراون و لە ژێر چارەسەریدان ٧٢ هەزار و ٨٧٩ کەسە. هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ ئەو کەسانە دەخوازم کە لە نەخۆشخانەدا خەوێندراون".