Aziz Aslan,Aydın Arik
16 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2024
دیاربەکر - AA
جێگری سەرکۆماری تورکیا، جەودەت یڵماز ڕایگەیاند: "با مزگێنییەکیش بدەم. پشتیوان بەخوا گەشتی ئاسمانیی لەنێوان دیاربەکر و هەولێر دەست پێ دەکەین".
لە میانی بەشداری کردنی لە "کۆنگرەی خەیاڵی ئایندە لە دیاربەکر" کە لە ناوەندی کلتوور و کۆنگرەی ١٥ی تەمووز لە زانکۆی دیجلە بەڕێوەچوو، جەودەت یڵماز گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا یڵماز باسی لەوە کرد کە بڕیاریانداوە بە دەستپێکردنی گەشتیی ئاسمانیی لە نێوان دیاربەکر و هەولێردا.
یڵماز ئاماژەی بەوە کرد کە پێداگرن لەسەر سڕینی فرمێسکی چاوی دایکانی دیاربەکر و ڕاماڵینی تیرۆر لە شەقامەکان و ڕایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک گەڕانەوە لەمەدا نییە. گەورەترین ورەش لە دایکانی دیاربەکر و خەڵکی ناوچەکە وەردەگرین".
گوتیشی: "ئەوانەی وانەی شارستانيیەت و مۆدێرنیتەمان پێ دەڵێن، ئەوانەی دەڵێن کۆمەڵێک پێوەرمان هەیە، لە غەززە لەبەردەم هەموو مرۆڤایەتییدا تاقیکرانەوە و بەداخەوە دەریان خست کە دان بە هیچ بەها و یاسا و ئەخلاقێکدا نانێین و دوورن لە بەزەیی. ئەوانەی بە هێزیانەوە دەنازن و سیاسەتی شەڕانگێزی پەیڕەو دەکەن و بەها مرۆییەکان ژێر پێ دەخەن، درەنگ یان زوو شکست دەهێنن".